کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ پەرلەمانتارانی جەهەپە کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە دوای ئەوەی شەوی رابردوو دەستلەکارکێشانەوەی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاری جەهەپەی پەسندکرد، ئەمڕۆ لەگەڵ پەرلەمانتارانی جەهەپە کۆدەبێتەوە. 
 
بڕیاربوو کۆبوونەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەکە کاژێر 11:00 لە ئەنقەرە دەستپێبکات.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 1ـی حوزەیران، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاری جەهەپە بە سەرۆکایەتیی کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ئەنقەرە کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە چوار کاژێر و نیوی خایاند. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا، داوای دەستلەکارکێشانەوەی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کرا. تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەستیان لەکارکێشایەوە و کڵچدارئۆغڵو دەست لەکارکێشانەوەکانی پەسندکرد. 
 
دوای شکستهێنانی کەمال کڵچدارئۆغڵو لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی جەهەپە، دەنگی ناڕەزایەتیی لەناو ئەندامان و لایەنگرانی جەهەپە بەرزبووەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکرێت. 
 
بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، هەوڵێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبووڵ بکرێتە سەرۆکی جەهەپە.