لە ئاهەنگەکانی هەڵبژاردن لە تورکیا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئاهەنگەکانی هەڵبژاردن لە تورکیا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بریندارن. 
 
دوای ئەوەی لە 28ی ئایاردا گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بەڕێوەچوو و رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە 13ـیەمین سەرۆکی وڵات، لایەنگرانی لە زۆربەی ناوچەکان دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کرد و لەو ئاهەنگانەدا لە باکووری کوردستان منداڵێک  و لە تورکیاش دوو کەس گیانیانلەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.
 
لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان ئەمیرهان گەلگری تەمەن 14 ساڵ، کە رۆژی 28ـی ئایار بریندار بوو و لە نەخۆشخانە چارەسەری وەردەگرت، سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان رۆژی یەکی حوزەیران لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. 
 
بنەماڵەی ئەو منداڵە رایانگەیاندووە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و داوا دەکەن تۆمەتبارەکە سزا بدرێت.
 
پێشتر لە 28ـی ئایاردا لە شارۆچكەی تۆرۆسڵاری سەر بە پارێزگای مێرسین لە تورکیا، لە کاتی ئاهەنگگێڕانەکەدا لەبەردەم باڵەخانەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی، گوللەیەک بەر سەری محەممەد ئەسلەکی تەمەن 14 ساڵ کەوت و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
 
لە شارۆچکەی سورمەنەی سەر بە پارێزگای ترابزۆن، کەسێکی دیکە بە ناوی یاقوب هەندەم، کە تەمەنی 75 ساڵ بوو، لەکاتی پشکنینی دەمانچەکەیدا گوللەیەکی بەرکەوت و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا. لە ئاهەنگەکانی شارۆچکە جیاجیاکانی هەمان پارێزگادا چوار کەس برینداربوون کە یەکێکیان منداڵە.