بەربژێری ئاکپارتی لە شوێنی بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی کرایە سەرۆکی شارەوانیی وان
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای وان بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ عەبدولئاهات ئاڤراس دەرکرد، ئەوە لەکاتێکدایە ئەو کەسە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا رێژەی 27.15٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا رۆژی یەکشەممە، 31-3-2024، بەڕێوەچوو و تێیدا عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان 55.48 ٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا؛ لە پلەی دووەم عەبدولئاهات ئاڤراس، بەربژێری ئاکپارتی بۆ هەمان پۆست هات و رێژەی 27.15٪ـی دەنگەکانی بردەوە.
گوتەبێژی دەم پارتی ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئەو مافانەی درابوونە عەبدوڵڵا زێدان دوای ئەوەی لە زیندان ئازادکرا، رۆژی هەینی، 29ـی ئادار، پێنج خولەک پێش کۆتاییهاتنی دەوام وەرگیرانەوە.
ئەمڕۆ دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای وان لەسەر داوای عەبدولئاهات ئاڤراس وردبینی تەواوکرد و بڕیاریدا کە عەبدوڵڵا زەیدان مافی خۆبەربژێرکردنی بۆ وەرگرتنی پۆست نەبێت. لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاردرا بڕیاری دەستبەکاربوون بدرێتە ئارڤاس.
ماهسوونی کارامان، پارێزەری عەبدوڵڵا زەیدان پێش بڕیارەکەی دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای وان گوتی، دۆخێکی لەو شێوەیە یەکەمجارە لە مێژووی کۆماری تورکیادا روودەدات و رایگەیاند، "بڕیاری کۆتایی کە دراوە پووچەڵە. پێویستە عەبدوڵڵا زەیدان ئەمڕۆ بڕیاری دەستبەکاربوونەکەی وەربگرێت و ئەگەر ئەو کارە نەکرێت، ئێمە دەست بە پرۆسەی یاسایی پێویست دەکەین". کارامان گوتی، ئەوەی روودەدات دەری پێشتر پلانداڕێژی بۆ کراوە.