ئەنجامی هەڵبژاردن خەڵکی تورکیای بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەردێڕی رۆژنامەکان لە بەیانیی رۆژی دووشەممەی شاری ئیستەنبووڵ باسی هەڵبژاردنەکەی رۆژی یەکشەممەیە. لە رۆژنامەی دەستی پیاوێک نووسراوە "شۆڕشی سندووق". رۆژنامەیەکیش کە بە لایەنگیریی دەسەڵات ناسراوە، نووسیویەتی "دیموکراسی سەرکەوت."
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن، پارێزگاریی لە شارە سەرەکییەکان کرد و ژمارەیەک شارەوانیی نوێشی بردەوە.
ئەنجامی هەڵبژادنەکان خەڵکی تورکیایان بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە؛ بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، خراپی دۆخی ئابووری بە هۆکاری سەرکەوتنەکەیان دەزانن.
حیجابی پەکدەمیر، لایەنگری ئۆپۆزیسیۆن دەڵێ "تورکیا لە خەو هەڵسا، من دوو ساڵ لەمەوبەر کرێی خانووەکەم 1800 لیرە بوو، ئێستا 12 هەزار لیرە دەدەم، بە تەنیا دەژیم و دوو منداڵم هەیە، چۆن بژێوی ژیانم دابین بکەم؟"
بەرەی دەسەڵات خەمبارن و بە ئەنجامەکان ناڕازین.
فاتمە هانەدار، لایەنگری دەسەڵاتە و دەڵێ "ئەنجامەکان منیان وێران کرد، زۆر دڵتەنگ بووم. بەدرێژایی 20 ساڵ، خۆشگوزەرانی و بەرەکەت هەبوو، هەموو شتەکان باش بوون. ئێمە پەتایەکمان تێپەڕاند بوومەلەرزە روویدا و 11 پارێزگا بە یەکجار وێران بوون. بەڵام هەموو شتەکان بەباشی هێنرانەوە سەریەک، وا نییە؟ کێ ئەمەی کرد؟ ئەو کەسەی حوکممان دەکات هەموو ئەمانەی کرد، وا نییە؟"
جەهەپە لە سەرتاسەری تورکیا 37٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەمەش دوای نزیکەی نیو سەدە، بۆ یەکەمجار بووە پارتی یەکەم لەسەر ئاستی تورکیا.