گەنجێکی رۆژئاوای کوردستان لە تورکیا دەڕفێندرێت و ئەشکەنجە دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێكی خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان کە لە زیندانی جۆری ئێڵ لە ئەرزنگان ئازاد کرابوو، رفێندرا و ئەشکەنجە درا. ئەوانەی گەنجەکەیان رفاندووە، گرتەی ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانەکەیان بۆ بنەماڵەکەی ناردووە.
عەلی وەلی، تەمەن 19 ساڵ خەڵکی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە. ئەو گەنجە کوردە لە تورکیا دەستبەسەرکرابوو و لە زیندانی جۆری ئێڵ لە ئەرزنگان دەمایەوە. دوای ئەوەی لە 13ـی ئاداری 2024 لە زیندان ئازاد دەکرێت، دیار نامێنێت و خێزانەکەی هیچ زانیارییەکیان لەبارەیەوە دەست ناکەوێت.
بەرپرسانی زیندانەکە بە کەسوکاری عەلییان راگەیاندووە،کە ئەو رەوانەی ناوەندێکی دیپۆرتکردنەوە کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێندرێتەوە سووریا، بەڵام نەیانگوتووە رەوانەی کام ناوەند کراوە.
ئەو کەسانەی عەلی وەلییان رفاندووە، بە ژمارەیەکی مۆبایل لە تورکیاوە پەیوەندییان بە خێزانی وەلی کردووە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەشکەنجەدانەکەیان بۆ ناردوون. بنەماڵەی وەلی تۆمارەکەیان بڵاوکردەوە.
لە تۆمارەکەدا عەلی وەلی بە خێزانەکەی دەڵێت "پێموایە لە سووریام، بەڵام نازانم ئێرە کوێیە". ئەوانەی لەگەڵ خێزانی وەلی قسەیان کردووە بە زمانی عەرەبی و تورکی قسەیان کردووە، داوایان لەو خێزانەکە کردووە کە باوکی وەلی سیخوڕییان بۆ بکات.
ئەو کەسانەی وەلییان رفاندووە بە دایکی دەڵێن "ئەگەر باوکی سیخوڕیمان بۆ نەکات، عەلی وەلی دەکوژین. هەموو خێزانەکەت دەکوژم. پێویستە هاوژینەکەت لە ماوەی هەفتەیەکدا پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکات. ئەگەرنا دەبینیت دوای هەفتەیەک چی لە کوڕەکەت دەکەم. من دەزانم منداڵەکانتان لەنێو رێکخراودا چی دەکەن. هەموو ئەم شتانە بە هاوژینەکەت بڵێ."
خێزانی عەلی وەلی گەیشتنە لقی مێردین ـی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و داوای هاوکاری یاسایییان کرد. کۆمەڵەکەش پەیوەندیی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی عەلی وەلی.