لە تورکیا حەوت کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی زانیاری بە مۆساد دەستبەسەر کران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگری-میت و پۆلیسی تورکیا لە دوو پارێزگای ئەو وڵاتە حەوت کەس دەستبەسەر کران. بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەو کەسانە وەک زانیاریدەر بۆ دەزگای هەواڵگریی مۆساد کاریان کردووە و زانیارییان پێ فرۆشتوون.
لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ کرا و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نۆ کەس دەرکرد، بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ و ئیزمیر ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکرد.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە لەلایەن تیمەکانی میت و پۆلیسی ئیسیتەنبووڵ لەو دوو پارێزگایەدا کرا، لە نۆ داواکراو، حەوتیان دەستبەسەرکران و دووانیان هەڵاتن.
بەگوێرەی میدیای فەرمی تورکیا، ئەو نۆ کەسە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە ئەو زانیاریانەی دەستیان کەوتووە بە مۆسادیان فرۆشتووە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەداوە، ئەمە یەکەم ئۆپەراسیۆن نییە دژ بەو کەسانە دەکرێت، کە لە تورکیا سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل دەکەن. لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2022 کرا، 68 کەس لێپێچینەوەیان بە هەمان تۆمەت لەگەڵدا کراوە.
لە 2ی کانوونی دووەمی 2024دا لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کە ناوەندەکەی ئیستەنبووڵ بوو و لە هەشت پارێزگا کرا، 33 کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەستبەسەرکران و 13 داواکراوی دیکەش کە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکرابوو لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر نەکران.
دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، لە کاتێکدایە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، زوو زوو هێرش دەکەنە سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بە کۆمەڵکوژکردنی دانیشتووانی غەززە تۆمەتباری دەکەن.