پەرلەمانی تورکیا رەتیکردەوە لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلال بکات
رووداو دیجیتاڵ
بۆ دووەمین جار لە پەرلەمانی تورکیا پێشنیازی جەهەپە بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی تاکسیمی ئیستەنبووڵ رەتکرایەوە.
گفتوگۆکان لەسەر ئەم بابەتە شەوی چوارشەممە، 30ی تشرینی دووەمی 2022، بەڕێوەچوو و، بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە رەتکرایەوە.
عەلی شەکر، پەرلەمانتاری جەهەپە لەبارەی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلال رەخنەی لە حکومەت گرت و گوتی: "کۆمەڵکوژییەک روودەدات، وەزیری ناوخۆ و میت، هەواڵگری و ئەوانەی ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن، هەموویان بەرپرسیارن. ئێمە ژیانی خۆمان لەدەست دەدەین، چونکە بەرپرسەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ ناکەن".
بەر لەوەی پێشنیازەکەی جەهەپە بخرێتە دەنگدانەوە، تولای هاتمئۆغوڵڵاری، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئادانا رایگەیاندبوو: "ئەم پێشنیازە رەتدەکرێتەوە، چونکە ئەو پەرلەمانتارانەی سەر بە حکومەتن هیچ نیازێکیان نییە بۆ ئاشکراکردنی راستیی تەقینەوەکەی تاکسیم و زۆر لێزانن لە پەردەپۆشکردنیدا."
تولای هاتمئۆغوڵڵاری گوتی: "وەزیری ناوخۆ چەند لێدوانێكی جیاواز و ناکۆکی لەبارەی ئەم تەقینەوەیە دا، ئەگەر لە وڵاتێکی دیکە بوایە دەبوایە وەزیری ناوخۆ دەیانجار دەستلەکاربکێشێتەوە، چونکە بەردەوام زانیاریی هەڵەی بە رای گشتی داوە".
رۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2022 لە شەقامی ئیستقلالی ئیستەنبووڵ تەقینەوەیەک روویدا و بەو هۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 81 کەسیش بریندار بوون.
سلێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای تەقینەوەکە تۆمەتی خستە پاڵ پەکەکە و گوتی، ئەحلام بەشیر-ی ئەنجامدەری تەقینەوەکە لە کۆبانێوە بە رێگەی قاچاخ چووەتە ئیستەنبووڵ. دواتر سۆیلو لە 18ی تشرینی دووەم لە کۆبوونەوەی بودجەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ساڵی 2023 لە کۆمیسیۆنی پلاندانان و بودجەی پەرلەمان گوتی، هێرشەکەی شەقامی ئیستیقلال لە منبجـەوە کرا.
دوای ئەو تەقینەوەیە بە نزیکەی هەفتەیەک تورکیا بە پاساوی ئەوەی ئەنجامدەری تەقینەوەکە لە رۆژئاوای کوردستانەوە چووە و پەکەکە و یەپەگە رۆڵیان تێدا هەبووە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2022، ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی "چنگ شمشێر"ـی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی دووشەممە، 21ی تشرینی دووەم رایگەیاند، مەرج نییە ئۆپەراسیۆنەکە تەنیا هێرشی ئاسمانی بێت و باسی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کرد.