سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بۆ ماوەی سێ کاژێر رادەگیرێن

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین رایگەیاند بۆ ماوەی سێ کاژێر، سەرجەم گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیان لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ هەڵوەشاندەوە. 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2023)، ژێرخانی سیستەمی نێتوۆرکی کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ لەکارکەوت، ئەمەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەم کۆمپانیایە بۆ ماوەی سێ کاژێر.
 
تورکیش ئێرلاین دواتر رایگەیاند "کێشە تەکنیکییەکانمان چاککردەوە و گەشتەکان قۆناخ بە قۆناخ ئاسایی دەبنەوە."
 
یەحیا ئوستوون، راوێژکاری راگەیاندنی کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندبوو "بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە ژێرخانی سیستمی نێتوۆرکی کۆمپانیا، کێشەی حجزکردن و بڕینی بلیت و بابەتە پەیوەندیدارەکان سەریهەڵداوە. تیمەکانمان لە هەوڵکی چاککردنەوەی کێشەکاندان. کەمێکی دیکە دوایین زانیاریی بۆ رای گشتیی بڵاودەکەینەوە". 
 
لە پۆستێکی دیکەشیدا، یەحیا ئوستوون راشیگەیاند، "کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ناچاریی سەرجەم گەشتەکانی هاتن و چوونی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لە کاژێر 19:00 تاوەکو 22:00 دەرکرد".  
 
محەممەد ئاسڵان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی گومان لەوە دەکات سیستەمی کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین هاککرابێت، هاوکات رەخنەی لە کۆمپانیاکە گرت و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەی بلیتیێکی بڵاوکردووەتەوە، کە بە قەڵەم تێبینی لەسەر دەنووسێت و رایگەیاند "ئەمە چ کارێکە، سیستەمی تورکیش ئێرلاین تێکچووە، بە قەڵەم ناومان تۆمار دەکەین. گومان دەکرێت سیستەمەکە هاککرابێت و هێرشی سایبەری کرابێتە سەر."