هێرشکارەکەی سەر کۆنسووڵخانەی سوێد لە ئیزمیر دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەسەی تەقەی لە کۆنسووڵخانەی سوێد لە ئیزمیر کرد و کارمەندیکی بریندارکرد، دەستگیرکرا و وەزیری دادی تورکیاش سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات.
لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا هێرشەکەی سەر کۆنسووڵخانەی سوێدی لە ئیزمیر سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە دەستیپێکراوە.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا یڵماز تونچ دەڵێت، "بەتووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەم کە کرایە سەر باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی سوێد لە پارێزگای ئیزمیر. هیوای چاکبوونەوە بۆ ئەو هاووڵاتییەمان دەخوازم کە بریندار بووە."
هێرشکارەکە کە بە دەمانچە تەقەی کردووە، لەلایەن پۆلیسەوە بە دەمانچەکەیەوە دەستگیرکرا. بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەو تۆمەتبارە کێشەی دەروونی هەیە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 1-8-2023 هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کۆنسووڵخانەی سوێد لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا و لە ئەنجامدا کارمەندێکی کۆنسووڵخانەکە کە ژنێکی تورک بوو، بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی گوتەی بەشێک لە شایەتحاڵان، هێرشکارەکە بەهۆی ئەوەی ڤیزەی پێنەدراوە، ئەو کارەی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە لەلایەن لایەنی فەرمییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان لە ساڵی 2022 لە 3 هەزار و 984 رووداوی باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە، لە ئەنجامدا 2 هەزار و 278 کەس کوژراون و 4 هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.