کارمەندانی تەندروستی لە تورکیا و باکووری کوردستان دوو رۆژ بایکۆتی دەوامیان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
کارمەندانی تەندروستی لە تورکیا و باکووری کوردستان دژی پێشێلکردنی مافی پزیشکان و ئەو کارمەندانەی لەو کەرتەدا کار دەکەن، بۆ ماوەی دوو رۆژ دەوامیان بایکۆت کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی ئابی 2023، 19 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی کە لە کەرتی تەندروستی کار دەکەن و سەر بە پلاتفۆرمی یەکێتی و خەبات بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتین لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا، دەیان هەزار پزیشک و سەتان هەزار پەرستار و کارمەندی تەندروستی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە رۆژانی یەک و دووی ئاب، ناچنە سەر کار و دەوام دەوەستێنن، تەنیا کارمەندانی بەشەکانی فریاکەوتن دەوام دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ سێشەممە دانوستاندنەکانی نێوان سەندیکای فەرمانبەران و حکومەت بۆ دیاریکردنی مووچە دەستپێدەکات. ئەو کۆبوونەوانە کە بۆ رێککەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی 2024 و 2025 ئەنجام دەدرێن، بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبن. ئەگەر لە کۆبوونەوەکاندا سەندیکای فەرمانبەران و حکومەت رێکنەکەون، ئەوا لیژنەی نێوەندکاری فەرمانبەرانی حکومەت بڕیاری کۆتایی دەدات و مووچەی فەرمانبەران دیاری دەکات.
سەندیکای فەرمانبەرانی تورکیا داوا لە حکومەت دەکات، سێ مانگ جارێک مووچە زیاد بکات، لە کاتێکدا ئێستا هەر شەش مانگ جارێک مووچە زیاد دەکرێت، هەروەها داوای زیادکردنی 35٪ ـی مووچە بۆ 3 مانگی یەکەمی ساڵی 2024 و 10٪ بۆ سێ مانگی دووەمی ساڵی 2024 و 15٪ بۆ سێ مانگی سێیەمی ساڵی 2024 و 10٪ بۆ سێ مانگی چوارەمی ساڵی 2024 دەکات.
بێجگە لە زیادکردنی مووچە، سەندیکای فەرمانبەران داوا دەکات هەر فەرمانبەرێك مانگانە 1650 لیرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی ئاستی مووچەکەی بگاتە ئاستی کەمترین بڕە مووچە کە بۆ زیاتر لە 22 هەزار لیرە بەرزکراوتەوە، هەروەها دەرماڵەی کرێی خانوو 7650 لیرە، لە پشووی بۆنەی ئاینیدا 4850 لیرە بدرێت بە فەرمانبەران.
سەندیکای فەرمانبەران بێجگە لەو زیادکردنانە، داوا دەکات بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و لەدەستدانی بەهای لیرە 8777 لیرە، دوو هەزار 500 لیرە بۆ پاڵپشتی هاوسەری و 500 لیرەش بۆ منداڵان بە فەرمانبەران بدرێت.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا، نامەیەکی ئاراستەی سەندیکاکان کرد و داوای لێکردن دەست لە کار هەڵنەگرن، "چونکە هەڵوێستێکی نابەرپرسانەیە و نەخۆشەکان زیانیان پێدەگات".