وەزیری بەرگریی تورکیا: مامەڵەکردن لەگەڵ پەیەدە/یەپەگە بە هیچ شێوەیەک دروست نییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا رەخنە لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەگرێت و دەڵێت، "مامەڵەکردنیان لەگەڵ یەپەگە و پەیەدە بە هیچ شێوەیەک دروست نییە، چونکە پەیەدە و یەپەگە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ پەکەکەدا نییە."
رۆژی دووشەممە 01-08-2022 خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "بەداخەوە دۆستەکان و هاوپەیمانمان بە جۆرێک کە وەکو ئەوەی پەیەدە/یەپەگە تیرۆیست نەبن، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. ئەمە بە هیچ شێوەیەک راست نییە، چونکە یەپەگە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پەکەکەدا نییە."
وەزیری بەرگریی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ''ئایا ئەمریکا واز لە پەیەدە/یەپەگە دەهێنێت؟" گوتی، ''واز دەهێنێت، چونکە دواجار لەوە تێدەگەن کە ناتوانن لەگەڵ تیرۆر و تیرۆریستاندا هەڵبکەن."
ئاکار، هەروەها کاردانەوەی بەرامبەر پەیامی هاوخەمیی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بۆ گیانلەدەستدانی سەلوە یوسف، جێگری مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە نیشاندا، کە رۆژی 22ی تەممووزی 2022 بەهۆی هێرشێکی درۆنی تورکیا لە نزیک قامشلۆ گیانی لەدەستدا و گوتی، ''چەوتبینییە و هیچ روونکردنەوەیەک هەڵناگرێت. سبەی رۆژێک کە هاوپەیمانانی ئەمریکیمان بیریان کەوتەوە، نیگەران دەبن."
وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی دابینکردنی فڕۆکەی ئێف 16ی ئەمریکی ئاماژەی بەوە دا، هیوادارن بە ئەرێنی بە ئەنجام بگات، "ئەگەر نەبوو، ئیدی جیهان زۆر فراوان بووە و بژاردەکانیش زۆر زیادیانکردووە، دەکرێت بەرامبەر ئەوە زۆر چارەسەر هەبێت."