پێشبینی دەکرێت لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بارانی بەخوڕ ببارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی تورکیا دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بارانی بەخوڕ ببارێت.
هەرچەندە وەرزی هاوینە، لە بەشێکی پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا، هێشتا باران دەبارێت.
بەگوێرەی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە لە پارێزگاکانی ئامەد، ئێلیهـ، ئەرزینگان، ئەرزەڕۆم، سێواز، قەرس و ئەردەخانی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئۆردو، تۆکات و قەیسەریی تورکیا بارانی بەخوڕ دەبارێت.
بارانبارینەکە دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما لە 3 بۆ 6 پلەی سیلیزی. بەشێکی ئەو ناوچانە پلەی گەرمایان لەنێوان 30 بۆ 35 پلەی سیلیزی دەبێت، وەک ئامەد. بەشێکی دیکەیان لە خوار 20 پلەی سیلیزی دەبێت، وەک ئەردەخان و قەرس کە پلەی گەرما تێیاندا 16 پلەی سیلیزی دەبێت.
کەشناسی تورکیا داوا لە هاونیشتمانییان و هاووڵاتیان دەکات هۆشیار بن بۆ ئەوەی لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و هەورە برووسکە زیانیان بەرنەکەوێت.