وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 1ـی تەممووزی 2022، لە هەژماریی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، سەربازێکیان بەناوی "سەرکان تاشجـی" لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ کوژراوە. 
 
وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 32 سەرباز. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد. 
 
هەر ئەمڕۆ هەینی، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە بڵاویکردەوە، 11 سەربازی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 266 گەریلا و کوژرانی 32 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە. لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی 671 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 41 گەریلای راگەیاندووە.