ژنە بەربژێرێکی پەرلەمانی تورکیا ناوی هەیە، وێنەی نییە
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە ژنە بەربژێرکراوەکانی پارتی یەنیدەن رەفاهـ، کە کوڕەکەی نەجمەدین ئەربەکان سەرۆکایەتیی دەکات، لە پۆستەری بانگەشەدا ناوەکەی نووسراوە، بەڵام وێنەکەی تەنیا وەکو سێبەر دانراوە.
پارتی یەنیدەن رەفاهـ، کە هاوپەیمانیی ئاکپارتییە و پشتیوانی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ پۆستی سەرۆککۆماری دەکات، بە بڵاوبوونەوەی پۆستەرێکی بەربژێرانی لە پارێزگای دوزجە-ی تورکیا بووەتە رۆژەڤ.
پۆستەری پارتی یەنیدەن رەفاهـ، کە لە مینی پاس و ئۆتۆمبیل دراوە، ناوی ئەو سێ کەسەی لەسەرە کە پارتەکە لەو پارێزگایەدا بەربژێری کردوون. وێنەی هەریەک لە نەزیر مەرتتورک، چیدەم کوڵاڵی سەچکین و میتهات کوتوکئۆغڵو لەسەر پۆستەرەکەدا هەیە. وێنەی هەریەک لە دوو بەربژێرە پیاوەکە لەسەر ناوەکانیان هەیە. بەڵام بەربژێر ژنەکە؛ چیدەم کوڵاڵی سەچکین تەنیا ناوەکەی هەیە و لە شوێنی وێنەکەیدا تارمایی دانراوە.
ئەمە لە میدیای تورکیادا کاردانەوەی بەدوادا هاتووە و پارتی یەنیدەن رەفاهـ رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە.
لەمبارەیەوە جانان کافتانجیئۆغڵو، سەرۆکی رێکخستنەکانی پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە رایگەیاند، پارتی یەنیدەن رەفاهـ ژنانی پەراوێزخستووە و گوتی: "سەیرکەن ناوی ژنەکە هەیە، بەڵام وێنەی نییە. ئەو ژنانەی کە ئێوە حیسابیان بۆ ناکەن، لەسەر سندووق لێپرسینەوەتان لەگەڵدا دەکەن".
ئەمە لەکاتێکدایە سەچکین زووتر و لەکاتی پێشکێشکردنی فۆرمی بەربژێربووندا وێنەی خۆی بڵاوکردبووەوە.
رۆژی 14-5-2023 دانیشتووانی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمان دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.