کەسایەتییەکی "خۆشەویستی" ئامەد لە ئیستەنبووڵ بە چەقۆ کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
کەسایەتییەکی خۆشەویست و قسەخۆشی ئامەد، لە ئیستەنبووڵ بەچەقۆ کوژرا، داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئیستەنبووڵ هاتە سەرخەت و هێزە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ دەستگیرکردنی بکوژانی.
رەمەزان پیشکین، هاونیشتمانییەکی ئامەدی باکووری کوردستانە و لەلای ئامەدییەکان بە "مەلا رەمەزان" و "رەمەزانی فەیلەسووف" دەناسرا. لە رووی دەروونییەوە کێشەی هەبوو. لە بەردەرکی مزگەوتی گەورەی ئامەد، خەڵکی کۆدەکردەوە و ئامۆژگاری ئایینی دەکردن و باسی لە رۆژی دوایی دەکرد، بە قسە و بەزمە خۆشەکانی نێوبانگی دەرکردبوو.
مەلا رەمەزان، ماوەی حەوت مانگ بوو، لە ناوچەی فاتیح لە ئیستەنبووڵ نیشتەجێ بوو. لەوێ چایخانەیەکی بچووکی بەڕێوەدەبرد. بەپێی راپۆرتی توێکاری نەخۆشخانەی فاتیح، مەلا رەمەزان سێ چەقۆ لە سینگی دراوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
کوژرانی مەلا رەمەزان، دەنگدانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوادا هات، بەتایبەتی لەلایەن هاونیشتمانییانی ئامەدەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئیستەنبووڵ بێتە سەرخەت و هێزە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ لێکۆڵینەوەی ورد و دەستگیرکردنی بکوژانی.
مەلا رەمەزانی تەمەن 47 ساڵ، لە تەمەنیی گەنجییدا بە کەسێکی رۆشنبیر دەناسرا، کە بەردەوام لە هەموو پرسێکدا قسەی خۆی هەبوو و بە کەسێکی قسەخۆش ناسرابوو.
مەلا رەمەزان ساڵی 2020 ماوەی نزیکەی ساڵێک لە نەخۆشخانەی دەروونی پارێزگای خارپێت لە باکووری کوردستان بەسەر برد و بە راپۆرتی پزیشکی پسپۆڕ، لە نەخۆشخانەکە هاتە دەرەوە.