بەهۆی گەمارۆی حکومەتی سووریاوە هۆشداری لە دروستبوونی کارەسات لە شەهبا دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

قەیرانێکی دیکە یەخەی ئاوارەکانی عەفرین لە کامپەکانی ناوچەی شەهبای پارێزگای حەلەب دەگرێت. رێکخراوە مرۆییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێن، بەهۆی گەمارۆی هێزەکانی حکومەتی سووریاوە، ئاو، گاز، کارەبا، خۆراک و پێداویستییەکان بە ئاوارە و خەڵکی ناوچەکە ناگەن. نەخۆشخانەکانیش لە بەردەم مەترسیی داخراندان. 
 
رۆژی هەینی، ئیبراهیم شێخۆ، گوتەبێژی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین بۆ رووداوی پشتڕاستکردەوە کە دۆخی کامپەکان لە رۆژی پێنجشەممەوە "زۆر سەخت بووە، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە کارەبا بە تەواوی لە پێنج کامپی ئاوارەکاندا لە شەهبا، گوندەکانی دەوروبەری شەهبا و گوندەکانی شێراوا[ی سەربە عەفرین] پچڕا." 
 
بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی شەهبای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێشتر هۆشداری لە دروستبوونی "کارەساتی مرۆیی" دابوو. ئیبراهیم شێخۆ لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشكێشی کرد، گوتی، نەخۆشخانەکان رۆژی هەینی هۆشدارییانداوە کە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی، "دوو رۆژی دیکە لەکاردەکەون." 
 
بەڕێوبەرایەتیی خۆسەریش هۆشداریدابوو کە "بەهۆی گەمارۆیەکی سەختی" هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر کامپی شەهبا، "کارەساتێکی مرۆیی" دروست دەبێت و ئیبراهیم شێخۆش گوتی، "زیاتر لە 100 هەزار ئاوارەی عەفرین لە ناوچەی شەهبان و 50 هەزار خەڵکی رەسەنی ناوچەکەش لەوێ دەژین، واتە 150 هەزار کەس لە بەردەم ئەم کارەساتەدان". 
 
ئیبراهیم شێخۆ ئاماژەی بەوە کرد، "لە سەرەتای 2023ـەوە هیچ سووتەمەنییەک نەگەیشتووەتە ناوچەی شەهبا،" کە ئەوەش بووەتە هۆی لەکارکەوتنی ئەو موەلیدانەی کارەبا بۆ ناوچەکە و کامپەکانی ئاوارەکانی عەفرین دابین دەکەن، هەروەها گاز و سووتەمەنیی ئۆتۆمبێل و گەرمکردنەوەش "بە زەحمەت" دەست خەڵکی ناوچەکە دەکەوێت. 
 
ئیبراهیم شێخۆ باسی لەوە کرد، لە چەند مانگی رابردوودا، لە نەبوونی گازدا، ئاوارەکان لە کامپەکانی شەهبا بۆ چێشتلێنان رووبەڕووی "سەختی" بوونەتەوە، چونکە "ماوەی پێنج مانگ بوو  گاز[ی چێشتلێنان] لە کامپەکاندا نەبوو. چەند رۆژێک لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتیی کامپەکان بۆ یەکەمین جار گازی بۆ ئاوارەکان دابینکرد." 
 
ئیبراهیم شێخۆ دەڵێت: "لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا نەخۆشخانەکان لە کارکردن دەوەستن ئەگەر یارمەتییەکان نەگەن." بە گوتەی ئەو چالاکڤانە، ئەوانەی لە شەهبا چارەسەرییان دەستناکەوێت روو لە ناوەندی شاری حەلەب دەکەن، بەڵام "لە سەر رێگەی شەهبا و حەلەب خاڵەکانی پشکنینی حکومەتی سووریا زیادبوون و خەڵک بۆ پارە رادەگرن، تەنانەت ژنان دەگرن. خەڵکەکەمان ئەوانەی کە راپۆرتی ئەمنییان لەسەر نووسراوە، دەستگیردەکرێن و لە بەرامبەر 20 ملیۆن یان 40 ملیۆن لیرەی سووری ئازاد دەکرێن."
 
ئیبراهیم شێخۆ دەشڵێت: "ئێمە لە رێگەی رووداوەوە داوا لە هەموو لایەنێک کە کاریگەری لەسەر رژێم هەیە دەکەین، لە نێویاندا رووسیای گەرەنتیکار، کە رۆڵی خۆیان بگێڕن و گوشار بخەنە سەر یەکەی چوارەمی سوپای سووریا بۆ ئەوەی ئەم گەمارۆیە لابەرێت بۆ ئەوەی شیری منداڵان، ئاو و سووتەمەنی بچێتە ناوچەکە و کارەسات دروست نەبێت، چونکە منداڵان و ژنان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە." 
 
هەروەها باس لەوە دەکات، "دۆخی ئاوارەکان و خەڵکی گوندەکانیش زۆر خراپە. ژێرخانی ناوچەکەش بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن زیانیی گەورەی پێگەییشتووە،" پێشیوایە، "ئەم گەمارۆیە دوای کۆبوونەوەی مۆسکۆی نێوان سووریا و حکومەتی تورکیا تووند بووە. ئێمە دەزانین کە ئەوان لە سەر زۆر پرس رێکنەکەوتوون، بەڵام لەسەر دۆخی کورد و ئاوارەکانی سووریا زۆر جار رێککەوتوون."
 
ئیبراهیم شێخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، وێڕای ئەوەی کە پێداویستییەکان لە بازاڕدا هەن، بەڵام "نرخیان زۆر گرانە،" ئەوەش بەهۆی داڕمانی لیرەی سووری  کە بە گوێرەی بانکی جیهانی بەراورد بە ساڵی 2022، 250٪ی بەهای خۆی لەدەستداوە. 
 
چالاکڤانەکە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئاوی خواردنەوە لە لایەن رێکخراوی مانگی سوورەوە دابیندەکرێت بەڵام ئاوی شوشتن و پاککردنەوە "بە زەحمەت دەستدەکەوێت."
 
بە گوێرەی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتیی شەهبا، لە 9 مانگی رابردوودا تەنیا 34 بارهەڵگر، لەوانەش کە چواریان پێداویستیی تەندروستی بوون، چوونەتە ناوچەی شەهبا، بارهەڵگرەکانی دیکەش، خواردن و یارمەتییەکانی دیکە بوون کە دوای بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات لە لایەن هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانەوە نێردرابوون.