یەکێتیی ئەوروپا سزا بەسەر چەندین کەسایەتی و دامەزراوەی سووریدا دەسەپێنێت

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەوروپا بە سەپاندنی زنجیرە سزایەکی نوێ، 25 کەسایەتی و هەشت دامەزراوەی سووری کردە ئامانج. بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، چەوساندنەوەی هاووڵاتییان و هاوئاهەنگیی ئابووری لەگەڵ رووسیا، هۆکاری سزاکانن. 
 
رۆژی دووشەممە، 24ـی نیسانی 2023، یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، کۆمەڵێک سزایان بەسەر 8 دامەزراوە و 25 کەسایەتیی سووریدا سەپاندووە. بەگوێرەی سزاکان، سامانی هەموو سزادراوەکان بلۆک دەکرێت، سزادراوەکان ناتوانن لەگەڵ هیچ کەسایەتییەک و کۆمپانیایەکی ئەوروپی مامەڵەی بازرگانی بکەن و ناشتوانن بەهیچ شێوەیەک سەردانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بکەن. 
 
"بەرهەمهێنان و بارزگانی بە مادەی هۆشبەر"
 
یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە داوە لە چەند ساڵی رابردوودا، سووریا بووەتە ناوەندێکی سەرەکیی بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بەتایبەتی حەبی 'کپتاگۆن'، بەگوێرەی راپۆرتەکەی یەکێتی ئەوروپا، سوپای سووریا و کەسانی نزیک لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، رۆڵێکی گەورەیان لە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر هەیە لە وڵاتەکە. 
 
"پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ"
 
بەشێکی دیکەی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر حکومەتی سووریا پەیوەندی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە هەیە. یەکێتیەکە دەڵێت، "بەشار ئەسەد بەردەوام بووە لە چەوساندنەوەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی". 
 
سزاکان ئەو سەرکردە سەربازییانەش دەگرنەوە کە خەڵکی بێتاوانیان کۆمەڵکوژ کردووە و لە سوپای سووریا پلەی باڵایان هەیە، ئەوەش وەك یەکێتیی ئەوروپا باسی کردووە. 
 
"هاوئاهەنگیی ئابووری لەگەڵ رووسیا"
 
سووریا چەندین گرێبەستی ئابووریی لەگەڵ رووسیا کردووە. بەگوێرەی گرێبەستەکان، رووسیا هاوکاری سەربازی پێشکەشی سووریا دەکات، لەبەرامبەردا سووریا بڕێکی زۆری مادەی فۆسفات دەداتە رووسیا. ئەو رێککەوتنانەی نێوان سووریا و رووسیا بوونەتە بارگرانییەکی زۆر بەسەر سوورییەکاندا، وەک یەکێیتی ئەوروپا باسی دەکات. 
 
کێن ئەوانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە؟
 
یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە، ئامۆزاکانی بەشار ئەسەد، پلەدارانی سوپای سووریا و سەرمایەدارانی سووری و چەند دامەزراوەیەکی سوورین. 
 
بەگوێرەی یەکێتیی ئەوروپا، کۆمپانیای سترۆیترانسگازی رووسیش یەکێکە لە دامەزراوە سزادراوەکان، کە کۆنترۆڵی فۆسفاتی سووریای کردووە و پشتیگیریکاری سەرەکیی حکومەتی سووریایە.
 
لە دوای ناساندنی ئەو زنجیرە سزایانە، ئێستا 322 کەسایەتی و 81 دامەزراوەی سووری لە لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپادان.