مورشید خەزنەوی: رووداو پێویستە بگەڕێتەوە رۆژئاوای کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینی دیاری رۆژئاوای کوردستان داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات زیندانییانی سیاسی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئازاد بکات؛ داواش دەکات رێگە بە کاری تۆڕی میدیایی رووداو لەو پارچەیەی کوردستان بدات. 
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، مورشید خەزنەوی، کەسایەتی و مامۆستای ئایینیی دیاری رۆژئاوای کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان گوتارێکی پێشکشکرد و تێیدا دوو داواکاری ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد. 
 
ئەو مامۆستا ئایینییە داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد "بۆ پاراستنی برایەتیمان" و "بۆ ئەوەی رێگە لە دووژمن بگرین"، هەموو زیندانیانی سیاسیی رۆژئاوای کوردستان ئازاد بکات. 
 
مورشید خەزنەوی دەشڵێت، "جێگەی شەرمە کوردێک لە زیندانی کوردێکی دیکەدا بێت."
 
مورشید خەزنەوی هەروەها داوای کرد کە "راگەیاندنە کوردستانییەکان" بتوانن بە فەرمی لە رۆژئاوای کوردستان کاری خۆیان بکەن. 
 
مامۆستا ئایینییەکە داوای کرد بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێگە بدات تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کاربکات و گوتی ، "رووداو پێویستە بگەڕێتەوە رۆژئاوای کوردستان". 
 
رۆژی پێنجی شوباتی 2022، فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا بڕیاری راوەستاندنی کارەکانی تۆڕی میدیایی رووداو و وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کارکردن و ئەرکی رۆژنامەگەری کە دراون بە تۆڕەکە و کارمەندانی تۆڕەکە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دا.
 
فەرمانگەکە ئەو کاتە رایگەیاند، "ماوەیەکی زۆرە تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بوولتەنەکانیەوە کار بۆ وروژاندنی ناکۆکییەکان دەکات، لەگەڵ شێواندنی دیمەنی دەزگاکان کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کاردەکەن، ئەوەش زیان بە شیرازەی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا دەگەیێنێت".
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو تۆمەت و بڕیارەی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دایەوە و گوتی، بڕیارەکە تەواو سیاسییە و "تۆڕی میدیایی رووداو بەشێوەیەكی زۆر پرۆفێشناڵانە و بەپێی یاساكان لە هەموو شوێنەكان كار دەكات. ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموكراتی پشت بەهیچ بنەمایەكی یاسایی نابەستێت و لە بیركردنەوەی تەسكی سیاسی و حیزبییەوە سەرچاوەی گرتووە".
 
پێش ئەو بڕیارەش چەندین جار بە مۆلۆتۆف، بەرد و دار هێرش کرایە سەر نووسینگەی رووداو لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان.