وەزیری دەرەوەی ئوردن لە دیمەشقە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئوردن سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە ئەمڕۆ سەردانی دیمەشق دەکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی سووری کۆدەبێتەوە."
ئەمە یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئوردنە بۆ سووریا دوای ئەوەی لە 8ی ئەم مانگە کۆتایی بە رژێمی بەشار ئەسەد هێنرا.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن وێنەی پێشوازیی شەرعی لە سەفەدی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە باس نەکردووە.
جگە لە ئەحمەد شەرع، بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئوردن لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکەی سووریاش کۆببێتەوە.
ئوردن 375 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریا هەیە. عەممان دەڵێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریاوە، واتە لە ساڵی 2011ـەوە، زیاتر لە 1.3 ملیۆن پەنابەری سووریایی لە خۆگرتووە. نەتەوە یەکگرتووەکان 680 هەزار پەنابەری سووریایی لە ئوردن تۆمارکردووە.
پێنجشەممەی رابردوو، وەزیری ناوخۆی ئوردن ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای رووخانی بەشار ئەسەدەوە، 7 هەزار و 250 پەنابەر گەڕاونەتەوە سووریا.
ئوردن لە 14ی ئەم مانگە میوانداریی کۆبوونەوەیەکی لە بارەی سووریاوە کرد کە وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵاتی عەرەبی، ئەمریکا، فەرەنسا و تورکیا و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان تێیدا بەشدار بوون.
شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن جەختی لە پشتیوانی ئوردن بۆ خەڵکی سووریا و رێزگرتن لە "ویست"ی ئەوان کردەوە، هەروەها داوایکرد وڵاتەکە نەخزێنرێتە نێو "پشێوی".