وەزیری دەرەوەی سووریا: تورکیا داگیرکەرە و دەبێ دەستبەجێ بکشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، شام هەبوونی تورکیا لە سووریا وەک "داگیرکاری" دەبینێت و داوا دەکات ئەنقەرە دەستبەجێ هێزەکانی خۆی لە سووریا بکێشێتەوە.
فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئەیلوولی 2021 لە لێدوانێکدا بۆ میدیای رووسیا ئاماژەی بەوەدا، هەبوونی تورکیا وەک پێشێلکاری مافاکانیان دەبینن، بۆیە پێویستە یەکە سەربازییەکانی تورکیا ناوچە کێشەلەسەرەکان جێبهێڵن.
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی سووریا دوای ئەوە هات، تورکیا بەر لە کۆبوونەوەی هاوبەشی تورکیا-رووسیا-ئێران کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، هێزی رەوانەی سووریا کردووە.
فەیسەڵ میقداد ئاماژەی بەوەداوە: "هۆکاری سەرەکی بارگرژییەکانی ئیدلب، هەبوونی سەربازیی تورکیایە لە ناوچەکە و ئەو پاڵپشتییەیە کە تورکیا لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەی دەکات. پێویستە تورکیا دەستبەجێ بکشێتەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاڵپشتی لە هەوڵەکانی سووریا بکات بۆ رزگارکردنی خاکە داگیرکراوەکانی لە باکووری وڵات".
هەفتەی رابردووش ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەدا، کێشەی سەرەکی لە سووریا هەبوونی هێزی سەربازیی بیانییە لەو وڵاتە، سێرگی ریابکۆڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی رووسیاش ئاماژەی بەوەدابوو، ئەمریکا لە ساڵی 2015 ـەوە لە سووریایە و "رێخۆشکەر بووە بۆ دابەشبوونی ئەو وڵاتە".
بەگوێرەی داتاکان، تورکیا لە باکووری سووریا 113 بنکەی سەربازیی گەڕۆک و جێگیری هەیە. ئەو خاڵانە دەکەونە 5 پرێزگا و بەم شێوەیە دابەشکراون، 55 بنکە لە سنووری پارێزگای حەلەب، 43 لە ئیدلب، 9 لە رەققە، 4 لە حەسەکە و دوو بنکەش لە لازقییە.
سوپای توركیا پێشتر لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاستانا 12 خاڵی چاودێری لە ئیدلیب دانابوو، ئەوە جگە لە هەزاران سەربازی گرووپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە.
لەماوەی رابردوودا چەندینجار شەڕو پێكدادان لە نێوان سوپای سووریا لەلایەك و سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لەلایەكی دیكە روویداوە.