وەزارەتی بەرگریی سووریا: لە هێرشێکی ئیسرائیل دا 36 کەس کوژران

رووداو  دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر شاری تەدموور لە نێوەڕاستی سووریا، 36 کەس کوژران و 50ـی دیکە برینداربوون.
 
رۆژی (چوارشەممە 20-11-2024)، وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە "ئیسرائیلی دووژمن، هێرشێکی ئاسمانیی بە ئاراستەی ناوچەی تەنەف، کردە سەر شاری تەدموور."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە هێرشەکەدا چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانج.
 
بەرگریی سووریا راشیگەیاند، 36 کەس کوژران و 50 کەسیش برینداربوون، هەروەها زیانێکی زۆری مادیش کەوتەوە.
 
هەر لەبارەی ئەو رووداوە، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە "لە هێرشەکە چەند شوێنێکی سڤیلنشین و ناوچەیەکی پیشەسازی کرانە ئامانج."
 
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە هێرشەکەدا کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی کە لە نزیک ناوچەی پیشەسازییە، کراوەتە ئامانج. هەروەها، هێرشکراوەتە سەر گەڕەکی جامعییە. "فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەسەر ناوچەی تەنەف و پارێزگەی دەرعا فڕیون."
 
شاری تەدموور لە لیستی کەلەپووری جیهانیی رێکخراوی یونسکۆیە، لە ساڵی 2015 چەکدارانی رێکخراوی داعش دەستیان بەسەر شارەکەدا گرت و دواتر لەلایەن سوپای سووریاوە کۆنترۆڵ کرایەوە.
 
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە ساڵی 2024 ئیسرائیل 152 هێرشی کردووەتە سەر سووریا. لە هێرشەکان دا زیاتر لە 272 ئامانج تێکشکێندراون و 314 چەکدار کوژراون.