رووسیا دەڵێت فڕۆکەیەکی ئەمریکی بە شێوەیەکی "مەترسیدار" لە سووریا لە فڕۆکەیەکیان نزیکبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
میدیای رووسیا لە زاری بەرپرسێکی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی جەنگیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، لە ئاسمانی سووریا بە "شێوەیەکی مەترسیدار" لە فڕۆکەیەکی چاودێریی رووسی نزیکبووەتەوە.
ئۆلێگ ئیگناسیوک، جێگری سەرۆکی سەنتەری ئاشتەوایی سووریا بە میدیاکەی گوتووە، "فڕۆکەیەکی جەنگی بۆمبهاوێژی هاوپەیمانی، لە جۆری ئێف هەژدە، بە شێوەیەکی مەترسیدار لە فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانیی رووسیا لە جۆری ئەی ئێن 30 نزیکبووەوە، لە کاتێکدا [فڕۆکە رووسییەکە] سەرقاڵی ئەنجامدانی گەشتێک بوو کە پێشتر بۆی دیاریکرابوو."
بەرپرسەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، "بۆ رێگریکردن لە پێکدادان"ی هەردوو فڕۆکەکە "تیمی فڕۆکەوانیی رووسی، مامەڵەیەکی پیشەگەرانەیان نواند و دەستبەجێ رێکاری پێویستیان گرتەبەر."
میدیای رووسی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم رووداوە لە ئاسمانی ناوچەی تەنەفی پارێزگەی حومس بووە.
واشنتن تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر رووداوەکە نەبووە.
ئەمریکا 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا کاردەکەن؛ هەروەها بنکەیەکی سەربازی لە ناوچەی تەنەف هەیە.
رووسیاش پاڵپشتیکارێکی گەورەی حکومەتی سووریایە و دەیان سەربازی لەو وڵاتە هەن.