وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئاگربەستی نێوان هەسەدە و گرووپەکانی نزیک لە تورکیا درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بە نێوەندگیری ئەوان ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا درێژکراوەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی، "ئاگربەستی منبج تاوەکو کۆتایی هەفتە درێژ کراوەتەوە". دەشڵێت، تاوەکو بتوانن ئاگربەستەکە درێژ دەکەنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، "ئەمەش (ئاگربەستەکە) دەرئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بوون لەگەڵ هەسەدە و لەگەڵ حکومەتی تورکیا، یەکەم رێککەوتنی ئاگربەستیش کە هەفتەی رابردوو هاتەکایەوە، بەهەمان شێوە لە رێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بوون، ئەوەش نەک تەنیا لەرێگەی وەزارەتی دەرەوە، بەڵکو ئێمە هێزە نێودەوڵەتییەکانمان هەیە کە لەنێو سووریان و میکانیزمێکی لەمێژینەی ئاگربەستیان لەوێ هەیە و لەگەڵ حکومەتی تورکیا و هەسەدە کار دەکەن تاوەکو دڵنیابن هێزەکان و لەنێویشیان هێزەکانی ئەمریکا مەترسییان لەسەر نەبێت و بەردەوامیشن لەوەی لەو گۆشانەوە کار بکەین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و رێگری بکەین لە سەرهەڵدانی ناکۆکی زیاتر."
گوتیشی، "نامانەوێت هیچ یەکێک لە لایەنەکان سوود لەو دەرفەتی ناسەقامگیرییە وەربگرن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە نیشتیمانییە فراوانەکانی سووریا بەرەو پێشەوە ببەن."
لەبارەی پرسیاری ئەوەشی "ئایە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی کوردانی سووریا؟" میللەر گوتی، "بەڵێ، بەردەوام دەبین."
گوتەکانی ماتیۆ میللەر لەکاتێکدایە، تورکیا و گرووپە چەکدارە سووریاییەکانی نزیکی، لە پێش و دوای رووخانی بەشار ئەسەد هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، ئەو هێزەی کە ئەمریکا بە هاوبەشی سەرەکیی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەزانێت.
لە رۆژی 10-12-2024ـەوە، لە بەنداوی تشرین شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا دەستیپێکرد.
ژووری ئۆپەراسیۆنی فەجر حوڕییەی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا، رۆژی پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەم رایگەیاند: "رێککەوتنمان لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە لە ناوچەکانی منبج و دەوروبەری کردووە، ئەوەش لەپێناو جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە مرۆیی و ئەمنییەکان".
ئاگربەستەکە لە رۆژی پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەم کاژێر 05:00ـی ئێوارە بەکاتی دیمەشق دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی دووشەممە، 16ـی کانوونی یەکەم بەردەوام بوو.
هەر دوای گوتەکانی ماتیۆ میڵەر، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "جەخت لە پابەندبوونی جێگیرمان بە ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری سووریا دەکەینەوە و رایدەگەیێنین کە ئامادەین پێشنیازی دامەزراندنی ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو لە شاری کۆبانێ پێشکێش بکەین."
مەزڵووم عەبدی دەشڵێت: "لەگەڵ دووبارە دابەشکردنەوەی هێزە ئەمنییەکانین لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی ئەمریکییەکان."
جەخت لەوەش دەکاتەوە "ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی بەردەوامی ناوچەکەیە."