لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی دیمەشق پێنج سەربازی سووریا دەکوژرێن


رووداو-هەولێر

لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر خاڵێکی نزیک لە فڕۆکەخانەی دیمەشق پێنج سەربازی سوپای سووریا کوژران. سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە دوو چەکداری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیش کوژراون.
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 17ـی ئەیلوولی 2022، ئاژانسی فەرمیی سووریا-سانا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە کە کاژێر 12:45ـی بەرەبەیان بەکاتی نێوخۆ [هەمان کاتی هەولێر] سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشقی کردووە و لە ئەنجامدا پێنج سەربازی سوپای وڵاتەکە کوژراون و زیانی ماددیش بەر شوێنەکە کەوتووە.  
 
ئاژانسەکە دەڵێت، بۆردوومانەکان فڕۆکەخانەی دیمەشق و ژمارەیەک خاڵی دیکەیان لە باشووری دیمەشق کردووەتە ئامانج. سەرچاوە لۆکاڵییەکانیش دەڵێن، جگە لە کوژرانی ئەو پێنج کەسە، دوو چەکداری گرووپەکانی نزیک لە ئێرانیش لە هێرشەکەدا کوژراون. 
 
بەگوێرەی سەرچاوە لۆکاڵییەکان، ئیسرائیل ئەو ناوچانەی کردووەتە ئامانج کە "گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی دیمەشق تێیدا دەمێننەوە".
 
مانگی رابردووش دوو جار فڕۆکەخانەی دیمەشق لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج. لە مانگی حوزەیرانیشدا بەهۆی بۆردوومانێکی دیکەی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر فڕۆکەخانەی دیمەشق، فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە لەکارکەوت. 
 
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکردووە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا کە بە زۆریش هێزەکانی حکومەتی سووریا و حیزبوڵڵای نزیک لە ئێران دەکاتە ئامانج.  
 
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەوەیە هەژموونی ئێران لە سووریا کەمبکەنەوە.