وەزیری دەرەوەی سووریا کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فەرمی سووریا مردنی وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی لە تەمەنی 79 ساڵیدا راگەیاند.
ئاژانسی فەرمی سووریا لەسەر زاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دەرەوەی سووریا، بڵاویکردەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا و جێگری سەرۆکوەزیران کۆچی دواییکردووە. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری مردنەکەی بدات.
وەلید موعەلیم کە لە دایکبووی دیمەشقە، لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا دامەزراوە، بە درێژایی نزیکەی 60 ساڵی رابردوو چەندین پۆستی لەو وەزارەتە وەرگرت، لەوانە باڵیۆزی سووریا لە ئەمریکا، یاریدەدەر و جێگری وەزیر، نزیکەی 14 ساڵیش وەزیری دەرەوە بووە.
موعەلیم بە یەکێک لەو گەورە بەرپرسانە دادەنرێت، کە بەرگرییەکی سەرسەختی لە رژێمی بەشار ئەسەد دەکرد.
لە ماوەی کارکردنی وەلید موعەلیم وەکو وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی سووریا، هەریەکە لە رووسیا و ئێران بوونە هاوپەیمانی نزیکی دیمەشق و پاڵپشتیێکی بەهێزیان لە حکومەتی سووریا کرد، تاوەکو زۆربەی ئەو ناوچانەی کە ئۆپۆزیسیۆن دەستی بەسەردا گرتبوون، کۆنترۆڵیکردنەوە.
وەلید موعەلیم، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوای بە تێکدانی رەوشی ناوخۆی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکرد. لە ماوەی شەڕی ناوخۆشدا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنانی دیکە، ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی بە "تیرۆرست" ناودەبردن.
وەلید موعەلیم:
- ساڵی 1941 لە دیمەشق لە دایکبووە.
- لە ساڵی 1963 لە زانکۆی قاهیرە بەکالۆریۆسی لە ئابووری و زانستە سیاسییەکان وەرگرتووە
- لە ساڵی 1964ەوە لە وەزارەتی دەرەوە کاری کردووە
- 1975 تاوەکو 1980 باڵیۆزی سووریا بووە لە رۆمانیا
- 1990 تاوەکو 1999 باڵیۆزی سووریا بووە لە ئەمریکا
- ساڵی 2000 یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بووە.
- ساڵی 2005 بووەتە جێگری وەزیری دەرەوە.
- ساڵی 2006 بووەتە وەزیری دەرەوەی سووریا.
- ساڵی 2012 بووەتە جێگری سەرۆکوەزیرانی سووریا.
- خێزاندار بوو و باوکی سێ منداڵ بوو.