ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا "پابەندبوونی" خۆیان بە "کۆتاییهێنان بە نەهامەتیی خەڵکی سووریا" رادەگەیێنن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بەبۆنەی تێپەڕینی 13 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا بڵاوکردەوە.
چوار وڵاتەکە دەڵێن، "بەردەوامین لە هەوڵدان لەپێناو لێپرسینەوە و دادپەروەری؛ داوا دەکەین خەڵکی سڤیل کە رەشبیرانە دەستگیر کراون، ئازاد بکرێن."
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە "ئەم جەنگە کۆتایی نەهاتووە." دەشڵێن، "ساڵی رابردوو نەهامەتیی خەڵکی ئاسایی سووریا بەردەوام بوو، چ لەسەر دەستی رژێمی ئەسەد، چ هاوپەیمانەکانی یانیش تیرۆریستانی داعش."
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، "لە ئۆکتۆبەرەوە رژێمی ئەسەد بۆردوومانی بێبەزەییانەی خۆی بۆ سەر خەڵکی سڤیلی دەرەوەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی زیادکردووە."
ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا باس لەوە دەکەن، "بە پشتیوانیی رووسیا، رژێمی ئەسەد هێرشی بۆ سەر تەواوی باکووری رۆژئاوای سووریا ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا سەروو 500 کەس کوژراون و برینداربوون و 120 هەزاری دیکەش ئاوارە بوون."
چوار وڵاتەکە داوا دەکەن "ئەو هێرشانە دەستبەجێ بوەستێنرێن."
لە بارەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریشەوە، چوار هاوپەیمانە رۆژئاواییەکە ئاماژە بەوە دەکەن، "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زیادبوونی زیاتری گرژییەکانی بەخۆیەوە بینیوە، لە نێویدا هێرشەکانی داعش."
هەروەها دەشڵێن، "رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش بە کارێکی لەپێشینە ماوەتەوە. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لە پێناو بەجێگەیاندنی ئەرکە بەجێماوەکەیدا یەکبگرێت بۆ مسۆگەرکردنی چارەسەری بەردەوام بۆ دانیشتووانی کەمپەکانی رۆژ و هۆل و پرسی دەستگیرکراوانی داعش."
لە بارەی بازرگانیی ماددەی هۆشبەری کاپتاگۆنەوە، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا دەڵێن، "تاوەکو دێت زیاتر نیگەران دەبین لە هەڕەشەی بازرگانیی نایاسایی ماددەی هۆشبەری کاپتاگۆن، کە رژێمی ئەسەد بە پشتیوانیی گرووپە میلشیاکانی لایەنگری ئێران و لایەکانی دیکە، قازانجی گەورەی لێ بەدەستدێنێت بۆ ئەوەی لە چەوساندنەوەی خەڵکی سووریادا بەکاری بێنێت. هاوئاهەنگیی جیهانی پێویستە بۆ نەهێشتنی کاریگەریی شەڕەنگێزانەی کاپتاگۆن کە بووەتە هۆی ناسەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکە. داوا لە رژێمی ئەسەد دەکەین کۆتایی بە رۆڵی خۆی لەم بازرگانییەدا بێنێت و هەنگاوی واتادار بنێت بۆ رێگریکردنی لە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر لە لایەن ئەوانی دیکەی نێو سووریا."
چوار وڵاتەکە رایدەگەیێنن کە "ئێمە پابەندین بە کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی دژی مافی مرۆڤ و ئەو خراپەکاریانەی لەسەر دەستی رژێمی ئەسەد بەرامبەر خەڵکی سووریا کراون."
لەبارەی خۆپێشاندانەکانی پارێزگەی سوەیدا، ئەمریکا و سێ هاوپەیمانە ئەوروپییەکەی دەڵێن، "خۆپێشاندانە ئاشتیانەکانی سوەیدا کە لە هاوینی رابردووەوە بەردەوامن، پیشانیدەدەن کە داواکاریی ئاشتی، ئازادی و شکۆمەندی کە بوونە هۆی خۆپێشاندانەکانی 13 ساڵ لەمەوبەر، هێشتا ماونەتەوە."
لەسەر داهاتووی سووریا، راگەیێندراوە هاوبەشەکە دەڵێت، "وڵاتەکانمان هیچ ئەگەرێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی ئەسەد، هیچ پارەدانێک بۆ بونیادنانەوە و هەڵگرتنی هیچ سزایەک بە پێشکەوتنی دروست، واتادار و بەردەوام بەرەو چارەسەرێکی سیاسی نابینێت."
هەروەها جەختدەکەنەوە کە "چارەسەرێکی سیاسی کە لە دەستی سوورییەکاندا بێت و بە سەرکردایەتیی سووریەکان بێت لە چوارچێوەی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان تاکە میکانیزمە کە دەکرێت ئاشتیی بەردەوام بۆ خەڵکی سووریا بێنێت."
چوار وڵاتەکە باس لەوە دەکەن، "هەلومەرجی پێویست بۆ گەڕانەوەی سەلامەت، شکۆمەندانە و ئارەزوومەندانەی پەنابەران بۆ سووریا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی بکات، هێشتا لەبار نییە. داوا لە رژێمی ئەسەد دەکەین چاکسازی پێویست بکات بۆ پاراستنی ئازادی، شکۆمەندی و مافەکانی مرۆڤی هەموو کەسێک. پێشوازی لە راگەیێندراوی گیێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەی لیژنەی دەستووری لە مانگی نیسان لە جنێڤ و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بانگێشتنامەکە قبووڵ بکەن و بە رژدی تەڤلی کاری لیژنەکە ببن."