وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی سووریا لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی حکومەتی سووریا کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندێکی حکومەتی راگوزەری سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە؛ مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و ئەنەس خەتاب، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتنە ئەنقەرە. 
 
شاندەکە لەلایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) پێشوازییان لێکرا. دواتر شاندەکە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازییان لێکرا. دوور لە چاوی کامێراکان بۆ نزیکەی 40 خولەک کۆبوونەوە. 
 
شاندەکەی سووریا دواتر کۆبوونەوەی 3+3 لەگەڵ شاندی تورکیا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکەن. کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆی هاوبەشی ئەنقەرە - دیمەشق، لە بوارەکانی سیاسەتی دەرەوە، دۆخی ئەمنی، سەربازی و هەواڵگری. هاوئاهەنگی لەم سێ بوارە پرسی هەرە گرنگی کۆبوونەوەکە و میکانیزمی هاوکاریی تورکیا بۆ سووریا بەشێکی دیکەی ئەم گفتوگۆیانە دەبێت. 
 
بەشێک لە میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن، تەوەرێکی کۆبوونەوەی شاندی هەردوولایەن تایبەت دەبێت بە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا. 
 
شەیبانی بە زمانی تورکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بارەی سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە نووسیویەتی: "بۆ نوێنەرایەتیکردنی سووریای نوێ، یەکەمین سەردانی فەرمیی خۆمان بۆ کۆماری تورکیا دەکەین، کە 14 ساڵە هەرگیز دەستبەرداری گەلی سووریا نەبووە."
 
پێش رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، شەیبانی بەرپرسی کاروباری سیاسیی ئیدارەی تەحریر شام بوو لە ئیدلب. دوای دەستبەکاربوونی لە 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، شەیبانی یەکەم سەردانی خۆی بۆ سعودیە کرد، دواتریش سەردانی قەتەر، ئیمارات و ئوردنی کرد.