بەرگریی سووریا: لە هێرشێکی دووژمنیی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق 15 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق و دەورووبەری، 15 کەس کوژران و 16 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممە 14-11-2024 وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند: "ئیسرائیلی دووژمن هێرشێکی ئاسمانی لە ئاراستەی بەرزاییەکانی گۆلانی داگیرکراوەوە کردە سەر ناوچە سڤیل نشینەکانی دیمەشق و دەورووبەری".
ئەو وەزارەتەی سووریا بڵاویکردەوە، هێرش کراوەتە سەر گەڕەکەکانی مەززێ و قودسیا، 15 کەس کوژراون و 16 کەسیش بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگریی سووریا گوتی، ئامارەکە سەرەتاییە و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بەرزبێتەوە.
رۆژی 10-11-2024 هەمان وەزارەت بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی سەییدە زەینبە، لە باشووری دیمەشقی پایتەختی سووریا 7 کەس کوژران و 20ـی دیکە برینداربوون.
لە هێرشێکی دیکەدا لە 08-10-2024 دووبارە هێرشکرایەوە سەر گەڕەکی مەززێ، 7 کەس کوژران و 11 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی 02-10-2024 میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە "لە دوژمنکارییەکی ئیسرائیل بۆ سەر باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوونی گەڕەکی مەززێ لە دیمەشق"، سێ سڤیل کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا لە ساڵی 2024 ئیسرائیل 149 هێرشی فڕۆکەی ئاسمانی و 26 هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی سووریا. نزیکەی 267 ئامانج تێکشکێندراون، لەو هێرشانە 288 چەکدار کوژراون و 245 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئیسرائیل لەمساڵدا 53 هێرش بۆ سەر دیمەشق و دەورووبەری؛ 17 هێرش لە دەرعا؛ 48 هێرش لە حومس؛ 16 هێرش لە قونەیتەرە؛ 3 هێرش لە تەرتووس؛ 5 هێرش لە دێرەزوور؛ 3 هێرش لە حەلەب؛ 4 هێرش لە حەما؛ 2 هێرش لە لازقیە؛ 3 هێرش لە سوەیدا و یەک هێرشیشی کردووەتە سەر ئیدلیب.