سووریاییەکان لە مردووخانەکان بۆ کەسوکاریان دەگەڕێن

رووداو دیجیتاڵ
 
خەڵکی سووریا لە مردووخانەکانی دیمەشقی پایتەختی وڵاتەکە، بەدوای تەرمی کەسوکاریان دا دەگەڕێن کە لە لایەن رژێمی بەشار ئەسەد دەستگیرکراون و کوژراون.
 
نابیل حەریری، یەکێکە لەو هاووڵاتییانەی بەدوای تەرمی کەسوکاری دا دەگەڕێت و دەڵێت، "کاتێک دەگەیتە قۆناخی نائومێدی، ناچار دەبیت بەهەموو شێوەیەک هیوا بۆ خۆت دروست بکەیت. ئێمە هەموو شوێنێک دەگەڕێین و پرسیار لە هەموو کەسێکیش دەکەین. هەندێک کەس پێمان دەڵێن بڕۆینە نەخۆشخانەکان، هەندێکی دیکەیان دەڵێن، تاوەکو ئێستا گیراوەکان لە ژێرزەمینی زیندانەکانن."
 
لە مردووخانەکە زیاتر لە 40 تەرم هەڵگیراون، تاوەکو ئێستا تەنیا تەرمی هەشتیان ناسراونەتەوە. ئەمە جگە لەوەی سێ مردووخانەی دیکە لە شارەکە هەن و هەر یەکەیان 50 تەرمیان تێدایە. 
 
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆیی لە ساڵی 2011، نزیکەی 150 هەزار کەس لە سووریا بێسەروشوێن بوون، لەنێویاندا 3 هەزار منداڵ و 7 هەزار ژن هەن. هالە مەڕای، هاووڵاتی فەلەستینی ئاوارەبووی سووریا دەڵێت، "من لە 2013 کوڕەکانم لەدەست دا. پێشتر داوام لە پۆلیس و دادگەی سەربازی کرد شوێنەکانیانم پێ بڵێن، بەڵام هەر دەیانگوت لە لای ئێمە نییە. لە 2013 کوڕەکانم نەبینیون و نازانم چیان بەسەر هاتووە. دەمەوێت منداڵەکانم بۆ بگەڕێننەوە."
 
جگە لە بێسەروشوێنبوون، لە ماوەی شەڕی نێوخۆی سووریا کە نزیکەی 14 ساڵی خایاند، 500 هەزار کەس کوژران و نزیکەی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەش ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکانیان کراون.