نرخی خۆراک لە سووریا بەرزبووەتەوە؛ کیلۆیەک تەماتە بە 15 هەزار لیرەیە
رووداو دیجیتاڵ
بازاڕەکانی دیمەشقی پایتەخت، چۆڵییەکی زۆریان پێوە دیارە و کەمیی کڕیار بەشێک لە بازاڕەکانی پەکخستووە، لە دوای رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، نرخی شتومەکەکان زیاتر بەرز بوونەتەوە.
عەدنان سەلیم، دانیشتووی دیمەشقە و دەڵێت، نرخی سەوزە و میوە زۆر گرانە، "ئێمەش دەمانەوێت بخۆین و بخۆینەوە. نرخی یەک کیلۆ تەماتە 15 هەزار لیرەی سوورییە و خەیاریش بە هەمان شێوە نرخەکەی زۆر گرانە. ئێمە حەزمان لە خواردنی برنجە. منداڵەکانمان پێویستیان بە شیرە."
لیرەی سووری بەشێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکان کەم بووە و لەدەستدانی بەهاکەشی وایکردووە کە خەڵک نەتوانن پێداویستییەکانی خۆیانی پێ بکڕن.
لە بەشێک لە شارەکانی سووریا، لەنێویاندا حەلەب و ئیدلب، خەڵک ناچار بوون لەجیاتی لیرەی سووری، لیرەی تورکی بەکاربهێنن.
ئەحمەد شامی، دووکاندارە و دەڵێت، "خەڵک زۆر بە کەمی شت دەکڕن، لەبەر ئەوەی لێرە لە ناوچەی سەیدە زەینەب خەڵک پارەی نییە. هەروەک دەبینن، لێرە هەموو شتێکم هەیە، بەڵام هیچ کڕیارمان نییە."
ئابووریی سووریا لە ماوەی 14 ساڵی رابردووی بەهۆی شەڕی نێوخۆوە، 85٪ـی داڕماوە، ئەوەش بووەتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی ئەو وڵاتە و دروستبوونی هەڵاوسانێکی ئێجگار زۆر.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، سووریا پێویستی بە 30 ساڵ هەیە بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی بگەڕێتەوە پێش ساڵی 2011.