جەیک سولیڤان: پابەندبوونمان بە هاوبەشیمان لەگەڵ هەسەدە قووڵ و بەهێزە

رووداو دیجیتاڵ
 
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەنێوان تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هەردوو لا لە گفتوگۆدان. گوتیشی: "پابەندبوونی ئێمە بە هاوبەشیمان لەگەڵ کوردانی سووریا، بە تایبەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات، قووڵ و بەهێزە".
 
رۆژی پێنجشەممە، سولیڤان لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس/ئۆرشەلیم بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانمان لە گفتوگۆداین، جەنەڕال [ئێریک] کوریلا [فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا] ماوەیەکی کەم لەمەوبەر گفتوگۆی قووڵی لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانمان کرد، لە هەمان کاتدا ئێمە لەگەڵ تورکیاش لە گفتوگۆداین سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانمان و سەبارەت بەو شتەی کە ئێمە بە باشترین رێگە بۆ داهاتوو دەیبینین".
 
 سولیڤان ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا "جیدی، سەخت و بەردەوامن و هەر لە ئێستاوە هەندێ ئەنجامیان هەبووە، لە نێویاندا کەمکردنەوەی گرژییەکان لە منبج کە تورکیا و کوردەکان بەشێوەیەکی نافەرمی پابەندبوونی خۆیانی پێوە دەربڕیوە".
 
دوای رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانانی کورد کرد، کە ئەمریکا بە "هاوبەشی سەرەکی" لە شەڕی دژی داعش دایاندەنێت. 
 
جەیک سوولیڤان گوتی: هەسەدە "هاوبەشی زۆر بەتوانا بوون لە شەڕی دژی داعش، نەک تەنیا لە پاشەکشەکردن بە هەڕەشەی داعش، بەڵکو هەروەها لە بەندکردنی ژمارەیەکی زۆری تیرۆرستانی داعش لە بەندینخانەکانی رۆژهەڵاتی سووریا. دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی ئەو کارە بەردەوامە و کێشەی بۆ دروست ناکرێت".
 
دوای شەڕ و پێکدادان و پاشان رێککەوتن، شەڕڤانان لە بەشێکی منبج و دێرەزوور لە رۆژئاوای رووباری فورات کشانەوە و ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا.
 
رۆژی چوارشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند "بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی خەڵکی سڤیل، بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەیشتینە رێککەوتنی ئاگربەست لە منبج".
 
 ئاماژەی بەوەش کرد: "شەڕڤانان کە لە 27ی تشرینی دووەمەوە لە دژی هێرشەکان بەرخۆدان دەکەن، بە زووترین کات لە ناوچەکە دەهێنرێنە دەرەوە. ئامانجمان وەستاندنی شەڕ لە تەواوی خاکی سووریا و چوونە نێو پڕۆسەی سیاسییە لە پێناو داهاتووی وڵات".
 
لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان جێگیرکردووە کە زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان. 
 
بڕیارە ئەم شەو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سووریا بگاتە تورکیا. 
 
ماوەیەکی کەم پێش کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی سولیڤان، بلینکن لە فڕۆکەخانەی عەقەبەی ئوردن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند:  "تورکیا بەرژەوەندیی روون و راستەقینەی هەیە، بە تایبەتی پەیوەست بە بابەتی پەکەکە و تیرۆر، کە هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر تورکیا."
 
بەڵام روونیشیکردەوە کە واشنتن دەیەوێت لە هەمان کاتدا رێگری لە هەڵگیرسانی هەر ململانێیەکی دیکە لەنێو سووریا بکات.
 
بلینکن جەختیکردەوە کە هەسەدە "لە دوورخستنەوەی مەترسیی داعش زۆر گرنگ بووە، هەروەها لە پاسەوانیکردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتن کە ماوەی چەندین ساڵە هەزاران چەکداری تیرۆرستی بیانیی داعشیان تێدا بەندکراون زۆر گرنگ بووە، بۆ ئەوەی نەتوانن بگەڕێنەوە گۆڕەپانی جەنگ و نەتوانن بگەڕێنەوە نێو داعش. ئەوە ئەرکێکی گرنگە و پێویستمان بەوەیە بەردەوامبێت."