لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێژەی منداڵانی بەدخۆراک 150٪ زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی لەبارەی دۆخی منداڵانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کە رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی سووریا دەگرێتەوە، ژمارەی منداڵانی بەدخۆراک بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بە رێژەی 150٪ زیادیکردووە.
رۆژی پێنجشەممە 10-11-2022، رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی بڵاویکردەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنیا 6,650 کەیسی بەدخۆراکییان تۆمارکردبوو، بەڵام لە دوای ئەو ماوەیە 10,000 کەیسی نوێیان تۆمارکردووە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا سووریا بە سەختترین قەیرانی ئابووریدا تێدەپەڕێت لە دوای 2011ـەوە و 90٪ی دانیشتووانە 18 ملیۆنیەکەی برسین. هۆکاری خراپتربوونی باری هاووڵاتیانیش بۆ پەتای کۆڤید 19، وشکەساڵی، شەڕ و کەوتنی ئابووریی لوبنان دەگەڕێندرێتەوە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021 نرخی خۆراک لە سووریا بە رێژەی 800٪ زیادیکردووە.
بەگوێرەی رێکخراوی منداڵپارێز، لە شەش مانگی رابردوودا، لە هەر 19 ناوەندەکەی تایبەت بە چارەسەری بەدخۆراکی، ژمارەی منداڵانی بەدخۆراک لە 256 کەیسەوە بۆ 1000 کەیس، واتە چوار هێندە زیادیکردووە.
دوای ئەوەی لە 2020 دەروازەی رەبیعە (تل کۆچەر)ی نێوان سووریا و عێراق بەهۆی ڤیتۆی رووسیا و چینەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە داخراوی مایەوە، گەیشتنی هاریکارییەکان بۆ هەندێک ناوچەی کە لە ژێر دەستی هێزە کوردییەکانن سنووردارکراوە.
بیت رۆر، سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی لە سووریا دەڵێت، "لانیکەم 60٪ی دانیشتووانی سووریا خۆراکی پێویستیان دەستناکەوێت، دۆخەکەش رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت".