نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 125 هەزار پەنابەر گەڕاونەتەوە سووریا
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، لەوەتەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا رووخاوە، لانیکەم 125 هەزار پەنابەر گەڕاونەتەوە سووریا.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی هاوئاهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی رایگەیاند، جگە لەوەی 125 هەزار پەنابەر لە وڵاتانی دیکەوە گەڕاونەتەوە سووریا، 500 هەزار ئاوارەی ئەو وڵاتەش گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
نووسینگەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی ئاشکرا نەکردووە کە ئەو پەنابەرە سووریاییانە لەکوێوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
بەگوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو پێش کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەسەد، 7.4 ملیۆن کەس ئاوارە بووبوون و 2.3 ملیۆنیان لەنێو کەمپەکان دەژیان، هەروەها 16.7 ملیۆن سووریایی پشتییان بە هاوکارییە مرۆییەکان بەستبوو.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) رایدەگەیێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت تاوەکو شەش مانگی داهاتوو یارمەتی 1.1 ملیۆن ئاوارەی سووریا بدات، پێویستی بە لانیکەم 73.2 ملیۆن دۆلارە.
رێکخراوەکە دەڵێت: "ئەو یارمەتییە دەبێتە هۆی ئەوەی دەستبەجێ یارمەتی ئەو کەسانە بدەین کە پێویستییان بە یارمەتییە، لەنێویاندا ئاوارە و پەنابەرە گەڕاوەکان."
بەگوتەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لەوەتەی دەسەڵاتی ئەسەد نەماوە، هاوکارییان گەیاندووەتە 80 هەزار کەس و ئاویان بۆ 170 هەزار کەس دابین کردووە.
هەروەها رێکخراوەکە دەشڵێت، نزیکەی 90٪ـی دانیشتووانی سووریا لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.
نووسینگەی هاوئاهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی ململانێکانی دەورووبەری بەنداوی تشرین، تائێستا نەیانتوانیوە هاوکاری بگەیێننەوە ئەو ناوچانە و دەشڵێت، 410 هەزار کەس لە منبج و کۆبانێ ئاو و کارەبایان بڕاوە.
رۆژی 8-12- 2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام دیمەشقی پایتەختی سووریایان کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.