داعش هەوڵدەدات مامەڵە بە لیرەی سووری حەرام بکات

رووداو- هەولێر

سەرکردەکانی داعش لە هەوڵدان، کە موفتییەکانیان فەتوایەک دەربکەن بۆ حەرامکردنی مامەڵە بە دراوی سووریی.

چەند زانیارییەك لە رێكخراوی داعشەوە لە ناوچەكانی رەقە، دێرزوور، ریفی حەسەكەو رۆژهەڵاتی حەلەبەوە دزەیان كردووەو باس لەوەدەكەن، كە سەركردایەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) پەنایان بردووەتەوە بەر مامۆستایانی ئایینی و كۆمەڵێك موفتی سەر بەرێكخراوەكە بۆ ئەوەی فەتوایەك سەبارەت بە حەرامكردنی مامەڵەكردن بە لیرەی سووری دەربكەن.

لەو زانیارییانە ئاماژە بەوەکراوە، كە داعش زۆر جدییە لەو هەوڵە و بەنیازە لەو ناوچانەی، كە لەژێر كۆنترۆڵیدان، مامەڵەكردن بە لیرەی سووری رابگیرێت و حەرام بكرێت.

پێشتریش وائل حەلقی، سەرۆك وەزیرانی رژێمی سووریا رایگەیاندبوو:  لیرەی سووری كە لەسەرەتای دەستپێكردنی قەیرانەكانی سووریاوە تاوەکو ئێستا سێ لەسەر چواری نرخەكەی لەدەستداوە، رووبەرووی شەڕێكی ئابووریی و میدیایی نەشیاو بووەتەوە.

بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكانی داعش،  بڕیاری قەدەغەكردنی دراوی سووری بە دوو كار دەبێت، یەكەمیان گوشارێكی زۆر بخرێتە سەر رژێمی بەشار ئەسەد، لەبەر ئەوەی قەدەخەكردنی ئاڵوگۆری دراوی سووری كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە، كە لە بنەڕەتدا رووبەرووی قەیران بووەتەوە، پێیان وایە مامەڵەكردن لەو ناوچانەی كە داعش كۆنترۆڵی كردووە بەتایبەتی ناوچەكانی رەقە، دێرزوور، ریفی حەسەكە و رۆژهەڵاتی حەلەب بە لیرەی سووری، هێزی زیاتر دەداتە ئەو دراوە و تەنانەت رژێمی بەشار ئەسەدیش، لەبەر ئەوە دەیانەوێت رژێم لەو خزمەتگوزارییە خۆڕاییە بێبەش بكەن.

هۆكاری دووەمیش،  كە ئەمە گرنگترینیانە، داعش پلان دادەنێت بۆ هەنگاونانی سەلماندنی خۆی بەوەی كە دەوڵەت و تەنها رێكخراوێك نییە وەكو ئەوەی كە نەیارەكانی تۆمەتباری دەكەن و دروست نییە كە دەوڵەتێك مامەڵە بە دراوی دوژمنەكەی بكات لە ئاماژەیەكدا بۆ دەسەڵاتی ئەسەد.

 تاوەکو ئێستا سێ پێشبینی هەیە بۆ جێگرەوەی دراوی سووری، یان دراوی عێراقی یان دۆلاری ئەمریكی یاخود دروستكردنی دراوێكی تایبەت بە خۆیان و ئەوەشیان ئەستەمە لەبەر ئەوەی پێویستی بە رێوشوێنی یاسایی و لەچاپدانی دراوەكە هەیە لە دەرەوەی وڵات، ئەو کارەش بۆ داعش مەحاڵە لەبەر ئەوەی ئەو رێكخراوە لە جیهاندا بە رێكخراوێكی تیرۆرستی ناسێندراوە.

سەرۆك وەزیرانی سووریاش جەختی كردبووەوە لەسەر پێویستیی چاودێریكردنی بازاری دراو بەتایبەتی ئەو كەسانەی كە بەنایاسایی ئاڵوگۆری دراو دەكەن و  داوای كردبوو، ئەوكەسانەش دەستگیر بكرێن، كە یاری بەسەقامگیری دراو دەكەن.

لەم بارەیەوە ئەدیب مەیالە، پارێزگاری بانكی ناوەندیی سووریا رایگەیاند: دابەزینی نرخی لیرەی سووری لەئەنجامی ئەو هێرشە گەورە ئابوورییەیە، كە دەكرێتە سەر سووریا لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات.

بەر لە دروستبوونی شەڕ و سەرهەڵدانی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتی سووریا، یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 50 لیرەی سووری بوو، ئێستا یەك دۆلار بەرامبەر نزیکەی 150 لیرەی سوورییە.