هەسەدە گیانلەدەستدانی شەڕڤانێکی لە دێرەزوور راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە رایگەیاند، بە هۆی هێرشێکەوە شەڕڤانێکیان لە ناوچەی دێرەزوور گیانی لەدەستداوە.
 
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێنداوێکدا دەڵێت، شەرڤانێکیان بە ناوی زیاد شێخۆ، ناسراو بە "عاکیف دربێسییێ" و خەڵکی شاری دربێسیی رۆژئاوای کوردستان رۆژی سێشەممە، 05-12-2023 لە هێرشێکدا لە ناوچەیەکی دێرەزوور کە لە ژێر کۆنتڕۆلی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە، گیانی لە دەستداوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو شەڕڤانە بەشداری لە زۆربەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هەسەدە لە دژی داعشدا کردووە، هەروەها لە شەڕەکانی دژ بە هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانیشیدا ئامادە بووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە کێ هێرشەکەی کردووە.
 
رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 بەدواوە لە ژێر کۆنتڕۆلی هەسەدە دایە، بەڵام لەو ناوچانە ناوە ناوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانی هەسەدە.
 
لە 27-8-2023شەوە و دوای دەستگیرکردنی ئەبوو خەولە، فەرماندەی پێشووی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور، بارودۆخی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئەو پارێزگایە تێکچوو و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و لایەنگرانی ئەو فەرماندەیە و کۆمەڵێک چەکداری هۆزە عەرەبییەکانی ناوچەکە روویدا، بەڵام لە کۆتاییدا هەسەدە توانی کۆتایی بە یاخیبوونەکە بهێنێت.