لە دێرەزوور 18 کەس کوژران و 50ـی دیکە بێسەروشوێن بوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا دەڵێن، "لە بیابانی دێرەزوور، گرووپێک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەسێک، کە خەریکی کۆکردنەوەی دۆمەڵان بوون و 18 کەسیان لێ کوشتن."
رۆژی چوارشەممە، 06-03-2024، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند، "گرووپێک چەکدار کە گومان دەکرێت سەر بە داعش بن، هێرشیان کردووەتە سەر کۆمەڵە کەسێک لە کاتی کۆکردنەوەی دۆمەڵان لە بیابانێکی پارێزگەی دێرەزوور لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و 18 کەسیان لێ کوشتوون."
ئەو سەرچاوە خۆجێییانە باس لەوەش دەکەن، "چوار لە کوژراوەکان چەکداری سەر بە حکومەتی سووریا [بەرگریی نیشتیمانی] بوون، 16 کەس بریندارن و 50 کەسیش بێسەروشوێنن."
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هێرشەکە لە بیابانی کەباجب بووە و لە ئەنجامی پێکدادانەکە 12 ئۆتۆمبێل سووتاون "دواتر هێزی پشتیوانی لەلایەن میلیشیای قودس و بەرگریی نیشتیمانییەوە نێردراونەتە ناوچەکە."
لە سەرەتای 2024ـەوە، هەروەک ئامارێکی ئەو سەرچاوانە پێشانی دەدات، لانیکەم 186 کەس لە 68 چالاکیی رووداوی هاوشێوەدا لەو ناوچەیە کوژراون، بەمشێوەیە:
- 24 هێرش لە بیابانی دێرەزوور کراون و 47 چەکداریان تێدا کوژراوە، کە 7 کەسیان سەر بە گرووپەکانی ئێران بوون، 5 چەکداری داعش و 17 کەسیشیان سڤیل بوون.
- 32 هێرش لە بیابانی حومس کراون و بوونەتە هۆی کوژرانی 50 چەکدار، 3 چەکداری سەر بە گرووپەکانی ئێران، 14 چەکداری داعش و 8 سڤیل.
- 6 هێرش لە بیابانی رەققە کە تێیدا 15 چەکدار کوژراون.
- 5 هێرش لە بیابانی حەما، 17 چەکدار و 7 سڤیل کوژراون.
- یەک هێرش لە بیابانی حەلەب کە تێیدا سێ چەکداری سەر بە گرووپەکانی ئێران کوژراون.
بەگوێرەی ئاماری بڵاوکراوەی ئەو سەرچاوە خۆجێییانە، "لە سەرەتای 2024ـەوە لانیکەم 32 منداڵ لە هێرشەکاندا کوژراون."