سێشەممە گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان لە دیمەشق دەستپێدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان لە رۆژی سێشەممەوە بۆ نێو و دەرەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق دەستپێبکەنەوە.
گەشتەکان لە مانگی رابردووەوە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە راگیراون.
ئەشهەد سەڵیبی، سەرۆکی دەسەڵاتی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی و گواستنەوەی ئاسمانی بە میدیای فەرمی سووریای راگەیاند "لە رۆژی سێشەممەوە دەستدەکەین بە وەرگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ نێو و دەرەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق."
بەرپرسەکە دەشڵێت "ئێمە، هێڵە ئاسمانییەکانی وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی دڵنیادەکەینەوە کە بە هاوکاریی هاوبەشەکانمان، دەستمانکردووە بە چاککردنەوەی فڕۆکەخانەکانی حەلەب و دیمەشق بۆ ئەوەی بتوانن پێشوازی لە گەشتەکانی سەرانسەری جیهان بکەن."
پێش ئەم بڕیارەش، فڕۆکەخانەی دیمەشق بە رووی فڕۆکەکانی شاندە بیانییەکاندا کراوە بوو و گەشتە ئاسمانییە نێوخۆکانیش بەردەوام بوون.
کارمەندێکی کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی سووریا رۆژی ئەمڕۆ گوتی، رۆژی سێشەممە دەست بە گەشتەکانییەکان لە دیمەشقەوە بۆ دووبەی دەکەنەوە.
پێنجشەممەی رابردوو، هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر رایگەیاند، رۆژی سێشەممە دەست بە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ دیمەشق دەکاتەوە و هەفتانە سێ گەشتی دەبێت.
مانگی رابردوو بەرپرسێکی قەتەری رایگەیاندبوو، دەوحە پێشنیازی کردووە یارمەتیی دەسەڵاتدارانی سووریا بدەن لە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشق.