فەرماندەیەکی سوپای نیشتمانیی سووریا: هەسەدە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کشاوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی سوپای نیشتمانیی سووریا رایگەیاند "زۆربەی ناوچەکانی ئیدلب و حەلەب ئازادکراون" و پێشڕەویی بەرەو حەما و دەوروبەری دەکەن.
عەبدولجەبار عەگیدی، فەرماندە لە سوپای نیشتمانیی سووریا، لە بووڵتەنی کاژێر 07:00ـی تۆڕی میدیایی رووداوەوە رایگەیاند، "پێشڕەوی گرووپە چەکدارە شۆڕشگێڕەکان بەرەو گوندەکانی حەما بەردەوامە، دوێنێش هەندێک ناوچە ئازادکران."
عەبدولجەبار عەگیدی گوتی "ئەو ناوچانە لەدەستی سوپای بەشار ئەسەد و گرووپە میلیشیاکان رزگار دەکرێن، کە نزیکەی 63 میلیشیای سەر بە ئێران لەو ناوچانەدان و، تائێستا نزیکەی 520 بارەگای سەربازیی ئەوانمان گرتووە."
سوپای سووریا بانگەشەی ئەوە دەکات بەتووندی رووبەڕووی چەکدارانی هەیئەی تەحریری شام (هەتەشە) بوونەتەوە، بەڵام عەگیدی دەڵێت "سەرەتا لە ئیدلیب سوپای رژێم هەندێک بەرگری کرد، دواتر ئەوان و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، کشانەوە و بەرەو حەما بەڕێکەوتن."
بەگوتەی فەرماندەکەی سوپای نیشتمانیی سووریا؛ ئەوان چاویان لە پێشڕەویی زیاترە و دەڵێت "رژێمی بەشار ئەسەد، حەما وەکو یەکەم هێڵی بەرگری دەزانێت بۆ حمس و دیمەشق. بۆیە ئەگەر حەما بکەوێت؛ حیمسیش دەکەوێت و لەوێوە بەرەو دیمەشق دەڕۆین."
بە گوتەی عەبدولجەبار عەگیدی، پەکەکە و پەیەدە 51 گوندیان لە نزیکی تەلڕەفعەت بەرەو شەهبا "داگیرکردبوو"، بەڵام دواتر کشانەوە.
هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن سەرجەم شاری حەلەبیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام نەچوونەتە نێو هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود).
سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی هەسەدە لەو دوو گەڕەکە، عەبدولجەبار عەگیدی گوتی "ئەوان (هەسەدە) کشاونەتەوە، ئەویش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا کە بە چەکی خۆیان بکشێنەوە و ئێستا ئەو ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە شۆڕشگێڕەکاندان، بەڵام نەچوونەتە نێو گەڕەکەکانەوە، چونکە رێککەوتن لەنێوان شۆڕشگێڕان و هەسەدە و پەیەدە کراوە کە شەڕ لەنێوانیان روونەدات."
لەبارەی ئاوارەکانی عەفرین لە تەلڕەفعەت و گەڕانەوەی ناچارییان بەرەو شوێنی پێشوویان، ئەو فەرماندەیەی سوپای نیشتمانی سووریا دەڵێت، "هێشتا ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە تەلڕەفعەت هەن و کێشەیان نییە، بەڵام پەیەدە ئەوانەی وەکو بارمتە لەبەردەست بوو، ئۆپراسیۆنی ئێمە تەنیا بۆ دەرکردنی سوپای رژێم و میلیشیاکانی ئێرانە، نەوەک بۆ دژایەتیی خەڵک، ئەوان خۆیان خاوەن زێدن و کەس ناتوانێت پێیان بڵێت ناوچەکە جێبهێڵن."
لە 25ـی تشرینى دووەمى 2024ـەوە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی کە دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریان، هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب و دواتر کۆنترۆڵیان کرد.