ئەمریکا بە مەرجێک سزاکانی سەر سووریا لادەبات

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوتەی چەند سەرچاوەیەک، ئەمریکا و ئیمارات چەند کۆبوونەوەیەکیان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سووریا کردووە. "باسی ئەوەیان کردووە ئەگەر ئەسەد واز لە ئێران بهێنێت، ئەمریکا سزاکانی سەر وڵاتەکەی لادەبات."
 
رۆژی دووشەممە، 02-12-2024 پێنج سەرچاوەی ناونەهێنراو بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گوت: "ئەمریکا و ئیمارات کۆبوونەوەیەکیان لەسەر ئەگەری لابردنی سزاکانی سووریا کردووە، بەڵام بەو مەرجەی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا واز لە ئێران بهێنێت، چەکیش بۆ حیزبوڵڵا نەنێرێت."
 
بەگوتەی سەرچاوەکان، گفتوگۆکان لەماوەی چەند مانگی پێشوودا کراون، گفتوگۆکان بەم دواییانە چڕتر بوونەتەوە "ئەمەش بەهۆی ئەوەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا لە 20-12-2024 بەسەر دەچن." 
 
"کۆبوونەوەکان پێش هێرشەکەی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر حەلەب کراون،" کە لە 27-11-2024 چوونە نێو شاری حەلەب و حکومەتی سووریا لەوێ کشایەوە.
 
سەرچاوەکان ئەوەشیان گوتووە، ئەو هێرشەی ئێستا لە دژی حکومەتی سووریا دەکرێت پیشاندەری ئەوەیە کە "لاوازیی بە هاوپەیمانیی نێوان سووریا و ئێرانەوە دەبینرێت. بۆیە، دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا و ئیمارات دەیەوێت تێکیبدات؛ بەڵام ئەگەر ئەسەد سوود لە هاوکاریی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێزانە وەربگرێت، ئەوە لەوانەیە تەگەرە بخاتە نێو هەوڵەکانی گەیشتنە رێککەوتن."
 
رۆژی یەکشەممە، 01-12-2024، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە سووریا بۆ ئەوەی "پەیامی پشتیوانیی ئێران" بە ئەسەد بدات. لەلایەکی دیکە، محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات بە تەلەفۆن تاوتوێی دۆخی ئێستای سووریای لەگەڵ ئەسەد کرد.
 
دوو سەرچاوەی جیا بە ئاژانسە هەواڵییەکەیان گوتووە، ئەمریکا و ئیمارات "دەرفەتێک دەبینن بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان ئێران و سووریا لاواز بکەن."
 
بەشێک لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا بریتیین لە: خستنە نێو لیستی تیرۆر، سەپاندنی سزای قورسی ئابووری بۆ سەر بەرپرس و دامەزراوەکانی سووریا، سڕکردنی سامانی بەرپرسانی سووریا، رێگەگرتن لە وەبەرهێنانی نوێ لە نێو سووریا و رێگەگرتن لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی سووریا.