فەرەنسا و ئەڵمانیا داوای 'چارەسەری سیاسی' و 'ئاسایش' بۆ کورد لە سووریا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵوێستێکی پشتیوانیدا بۆ کوردی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوای "چارەسەری سیاسی" و "ئاسایش" بۆ کورد دەکەن.
وەک یەکەمین سەردانی بەرپرسانی ئاست باڵای وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سووریا لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، ئەمڕۆ هەینی، ئانالینا بێربۆک و ژان نۆوێل بارۆ، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا پێکەوە گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی وڵاتەکە کۆبوونەوە.
هەردوو وەزیرەکە داوایانکرد هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووەستێندرێن.
"چارەسەری سیاسی"
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کوردی رۆژئاوای کوردستانی بە "هاوپەیمان"ی پاریس ناوبرد و گوتی: "پێویستە چەکەکان لە باکووری وڵات (سووریا) بێدەنگ بن."
ژان نۆوێل بارۆ لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی سڤیل لە دیمەشق جەختیکردەوە کە "پێویستە چارەسەرێکی سیاسی بۆ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا کە کوردن، بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی لەو پڕۆسە سیاسییەدا بەشدار بن کە ئێستا دەستیپێکردووە."
هەسەدە کە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بە هاوبەشی سەرەکیی شەڕی دژی داعش دادەنرێت، لە دوای رووخانی ئەسەدەوە، واتە لە 8ی کانوونی یەکەمەوە، کەوتووەتە بەر هێرشی گرووپی (سوپای نیشتمانیی سووریا) کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت.
"ئاسایشی کورد گرنگە"
هێزە زۆرینە کوردییەکە، بە گوتەی خۆی، "بە رێککەوتن" لە هەندێ شوێن کشاوەتەوە و لە چەندین شوێنیش شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لەگەڵ هێزەکانی نزیک لە تورکیا بەردەوامە.
لەو بارەیەوە، ئانالینا بێربۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق گوتی: "ئاسایشی کورد گرنگە بۆ سووریایەکی ئارام. ئەوەش پێویستی بە کۆتاییهێنان بەو شەڕەیە کە لە باکوور هەیە و هەروەها پێویستی بە تیكەڵکردنی هێزە کوردییەکان و سوپای نیشتمانیی سووریایە بۆنێو پێکهاتەی نوێی ئەمنیی سووریا."
تاوەکو ئێستا هەتەشە، کە پێکهێنەری سەرەکیی دەسەڵاتی راگوزەری دیمەشقە، هیچ بەریەککەوتنێکی لەگەڵ هەسەدەدا نەبووە، رێگەی داوە دوو گەڕەکی شاری حەلەب لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بمێننەوە و دووشەممەی ئەم هەفتەیەش "بەرپرسانی باڵای" هەردوولاش لە پایتەختی سووریا کۆبوونەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پەسنی ئەو هەنگاوەی دا و گوتی: " دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتی زۆرینە کورد، هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە" بۆ "دابینکردنی ئاسایشی راستەقینە بۆ هەموو لایەک."
وەزیری دەرەوەی فەرەنساش پێیوایە، "سووریایەکی سەروەر و ئارام رێگە بە تیرۆری ئیسلامی نادات."
وەزیرەکە بە 12 ئەندامی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیلی سووریای گوت: "تیرۆر لە ئێوەی دا. تیرۆر لە گۆڕەپانی ئێمەدا لە ئێمەیشی دا. بۆیە ئێمە، شانبەشان، بە تایبەتی لەگەڵ کوردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دژی تیرۆری ئیسلامی شەڕمان کرد."
تورکیا و هاوپەیمانەکانی لەبارەی هەسەدە ناکۆکن
فەرەنسا و ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتین کە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا دژی سەرهەڵدانەوەی داعش شەڕدەکات.
وڵاتە رۆژئاواییەکان، هەسەدە بە هاوبەشی سەرەکیی خۆیان دادەنێن و مانەوەی بە پێویست دەزانن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بە تایبەتی لە کاتێکدا هێزەکە پاسەوانی لە زیندان و کەمپەکانی چەکدارانی داعش و کەسوکاریان دەکات.
لە کاتی راگەیاندنی رووخانی "خەلافەت"ـی داعش لە ساڵی 2019، هەسەدە دەستگیرکردنی زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی راگەیاند کە زۆربەیان خەڵکی سووریا و عێراق بوون، نزیکەی دوو هەزاریشیان خەڵکی وڵاتانی دیکەن؛ هەروەها 45 هەزار و 355 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن، لە کەمپی هۆلی حەسەکەدان.
بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا داوا لە ئەنقەرە دەکەن هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەسەدە بووەستێنێت بۆ ئەوەی مەترسی نەکەوێتە سەر ئەو زیندانانە.
بەڵام تورکیای ئەندامی ناتۆ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنێت و چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە بە مەرجی ئاگربەست دادەنێت.
هەسەدەش رایگەیاندووە، ئەگەر ئاگربەست بکرێت، هەموو ئەندامانی پەکەکە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێدێڵن.
"وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای چەککردنی هەسەدەی نەکردووە"
ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا یەکشەممەی رابردوو بە میدیای سعودی راگەیاند، هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە.
شەرع هەروەها کوردی بە "بەشێکی دانەبڕاوی" کۆمەڵگەی سووریا ناوبرد، بەڵام گوتیشی، رێگە نادەن سووریا ببێتە "سەکۆی دەستپێکردنی" هێرشەکانی پەکەکە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت گوتی، ئامادەن هەسەدە بکرێتە بەشێک لە سوپای داهاتووی سووریا، بەو مەرجەی هەردوولا بە دانوستاندن لەسەر "هاوکێشەیەکی گونجاو" رێکبکەون.
یەکێک لەو دوو چالاکڤانە کوردەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و کۆمەڵگەی سڤیلی سووریادا بەشدار بوون، هەواڵی چەند میدیایەکی رەتیکردەوە کە گوایە بارۆ داوای کردبێت هەسەدە چەک دابنێت.
شێروان یوسف، بەرپرسی رێکخراوی سەکۆی دیفاکتۆ بۆ گفتوگۆ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رۆژی هەینیی رووداودا بە نالین حەسەن، پێشكێشکاری رووداوی گوت: "وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هیچ باسی چەکدانانی نەکرد. شتێکی لەو جۆرەی نەگوت، بەڵکو جەختیکردەوە کە پێکەوەکارکردن لە نێوان ئەوان و هەسەدەدا دژی تیرۆر هەیە."
لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر پێگەکانی داعش لە سووریا. دوایینیان هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا بوو لە دوایین رۆژی 2024.
لەو بارەیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "لە 31ی کانوونی یەکەم، واتە چەند رۆژێک لەمەوبەر، جارێکی دیکە لە بنکەیەکی داعشمان دا. چونکە قبوڵ ناکەین کە زیندووبوونەوەی تیرۆری ئیسلامی ئارامیی سووریا تێکبدات و هەڕەشە لە ئاساییشی فەرەنسا و ئاساییشی ئەورووپا دەکات."