پاسدارێک لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە سووریا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر شاری بەنیاسی سەر کەناری دەریای نێوەڕاست لە سووریا، پاسدارێکی ئێران کوژرا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمە سێیەم رۆژە لەسەر یەک، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر سووریا.
لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا، ڤیلایەک کرایە ئامانج کە بە گوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، "گرووپێکی لایەنگری ئێران"ی تێدابوو.
سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن، ڤێلاکە و باڵەخانەیەک لە ئەنجامی هێرشەکەدا خاپوور بوون، بەو هۆیەوە پاسدارێکی ئێرانی کوژراوە و دوو کەسی دیکە کە ئەوانیش خەڵکی سووریا نەبوون، بریندار بوون.
میدیای فەرمیی ئێران دواتر گوتی، رەزا زاری، ئەندامی هێزی دەریایی سوپای پاسدارن "ئەمڕۆ لە لایەن رژێمی زایۆنیی ستەمکارەوە کوژرا".
لە شاری بەنیاس کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادایە، پاڵاوگەیەکی نەوت هەیە و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە بەندەرەکەی لەنگەریان گرتووە.
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011 جەنگی نێوخۆیی سووریا دەستپێکردووە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ژمارەیەکی زۆر ئامانج لەنێو سووریا.
هێرشەکان بە شێوەیەکی سەرەکی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لە نێویاندا حیزبوڵڵای لوبنانی.
ئێران هاوپەیمان و پشتیوانێکی سەرەکیی حکومەتی بەشار ئەسەدە، لە رووی سەربازی و داراییەوە یارمەتیی دەدات و راوێژکاری سەربازی و خۆبەخشی ناردووەتە سووریا بۆ ئەوەی پشتیوانی لە هێزەکانی وڵاتەکە بکەن.
تاران دەڵێت، لەسەر داواکاریی دیمەشق هێزی ناردووەتە سووریا، بەڵام تەنیا وەک راوێژکار.
لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، واتە لەو کاتەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا زیادیانکردووە.
ئیسرائیل بە دەگمەن باسی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سووریا دەکات، بەڵام چەندین جار گوتوویەتی، رێگە بە ئێران نادات شوێنپێی خۆی لە سووریادا بچەسپێنێت.