لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێوە بەنزینخانەکانی عێراق کار بە پارەی کاش ناکەن

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە کە دەکاتە یەکەم رۆژی ساڵی 2024 فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەنزینخانەکان بە سیستەمی پارەپێدانی کاش رادەوەستێت و تەنیا کار بە سیستەمی کارت و پارەپێدانی پێشوەختە دەکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، ئەحمەد ریاز، گوتەبێژی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەپێی بەرنامەی وەزارەتی نەوت و لەسەر رێنماییەکانی حکومەتی عێراق، لە رۆژی دووشەممەوە کە دەکاتە 1-1-2024 کارکردن بە سیستەمی پارەدانی کاش رادەوەستێت و سەرجەم مامەڵەکان لەڕێگەی پارەپێدانی پێشوەختە و ئامێری (POS) و کارتەوە دەکرێن و، کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان لەنێویاندا بەنزین، گازوایل و ئەوانی دیکەش بەو شێوەیە دەبێت."
 
ئەحمەد ریاز ئاماژەی بەوەدا "لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵەوە ئەو کارە دەستیپێکراوە، وەزارەتی نەوت سەرجەم پێداویستی و ئامێر و کەرەستەکانی تایبەت بەو بابەتەی دابینکردووە، ئێستا ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە بەیانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنی تەواوەوە و ئیدی کڕینی سووتەمەنی لە بەنزینخانەکان بە پارەی کاش و بە دەست نامێنێت، ئەوەش لەپێناو پارێزگاریکردنە لە بەهای دیناری عێراقی و کەمکردنەوەی مامەڵەی کاش و پشتبەستن بە سیستەمکردنی کەرتی دارایی و پارە لە عێراق."
 
لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد ریاز گوتی؛ بەهۆی ئەوەی سیستەمی بەنزینخانەکان لە هەرێمی کوردستان سەر بە کەرتی تایبەتن بەپێچەوانەی حکومەتی عێراق، بۆیە ئەو سیستەمە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
 
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق لە رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ رایگەیاند بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ژمارە 23620ـی، لە 31-10-2023، وەزارەتی نەوت بڕیاریداوە پشت بە کارت ببەستێت و کۆتایی بە مامەڵەی کاش بهێنێت.