مەحموود مەشهەدانی بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی ساڵێک لە بەتاڵبوونی پۆستەکە، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دوای دوو گەڕی دەنگدان، سەرۆکێکی نوێی هەڵبژارد.
مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم کە لەلایەن زۆربەی سوننەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، لەگەڕی دووەمدا کە 269 پەرلەمانتار ئامادەیبوون، 182 دەنگی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
بەگوێرەی دەستوور و دادگەی باڵای فیدڕالیی عێراق، بردنەوەی پۆستەکە پێویستی بە بەدەستهێنانی 50+1ـی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانە، واتە 166 دەنگ. ئەگەرنا، دووبارە دەکرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی یەکێکیان 166 دەنگەکە بەدەستدەهێنێت و، دەبێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە گەڕی یەکەمدا کە لە کۆی 329 ئەندام، 271ـیان ئامادەی دانیشتنەکە بوون، مەشهەدانی 153 دەنگ و عیساویش 95 دەنگی بەدەستهێنابوو.
بەربژێرانی سەربەخۆ، تەڵال زەوبەعی بە سفر دەنگ و عامر عەبدولجەبار بە 9 دەنگ، لە گەڕی یەکەمدا شکستیان هێنا. 14 دەنگی پووچەڵیش هەبوون.
لە گەڕی دووەمی دانیشتنەکەی ئەمشەودا؛ مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم 182 دەنگی بەدەستهێنا، سالم عیساوی، بەربژێری سەربەخۆ، 42 دەنگ، عامر عەبدولجەبار 8 دەنگ و تەڵاڵ زەوبەعی سفر دەنگی بەدەستهێنا، هەروەها 39 دەنگیش بەتاڵ بوون.
هەموو بەربژێرەکان سووننە بوون.
ئەمە سێیەم دانیشتن بوو لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت، دوای ئەوەی دووانەکەی دیکە بەهۆی رێکنەکەوتنی سوننەکان لەسەر پێشكێشکردنی بەربژێرێک بە یەکگرتوویی، شکستیان هێنا.
هاوپەیمانیی سیادە کە پێشتر پشتیوانیی لە عیساوی دەکرد، ئەمجارە دەنگی بە مەشهەدانی دا. هەروەها فراکسیۆنەکانی تەقەدوم، کوردستانییەکان و بەشێکی زۆری چوارچێوەی هاوئاهەنگیش پشتیوانییان لە مەشهەدانی کرد.
سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 1948 لەدایکبووە، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننە. پێش ئەوەی ببێتە سیاسەتڤان، ئەفسەری سوپای عێراق بووە. ساڵی 1972 کۆلێژی پزیشکی تەواو کردووە. بەهۆی ئەوەی دژی شەڕی کەنداو بووە، لە ساڵی 1990 دەستگیرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، دواتر سزاکەی بۆ 15 ساڵ زیندانی کەمکرایەوە.
مەشهەدانی ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بووە، ساڵی 2006 تاوەکو 2009 سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبیی کردووە، بووە بە یەکەم سەرۆکی پەرلەمان دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن.
هەروەها سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی دەعوە و ئیرشاد بووە، دامەزرێنەری بەرەی دیالۆگی نیشتمانی بووە لە ساڵی 2004.
ئەمە، 16ـیەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بوو لەم خولەیدا و بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی بەوەکالەتی پەرلەمان، بەڕێوەچوو.
بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ئەمڕۆ مەشهەدانی لەگەڵیان کۆبووەوە.
پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکە، مەشەهدانی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "من بەربژێرى زۆرینەى سوننەکانم، کە ئەگەر هەیە کۆدەنگى لەسەر بێت، پەرلەمانتارێک لێرە و پەرلەمانتارێک لەوێ کاریگەرى نییە، زۆرینەى سوننە منى بەربژێر کردووە، بۆیە ئێستا داوا دەکەین پاڵپشتى ئەو زۆرینە سوننەیە بکرێت، پشت بەخوا کۆتایی بەم دۆسەییە دەهێندرێت، کە دەمێکە چاوەڕێى دەکەین، فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستیان ئەرێنییە، فراکسیۆنى پارتى بێت یان ئەوانى دیکە" .
14ی تشرینی دووەمی پار، بەتۆمەتی گەندەڵی و ساختەکردنی واژۆی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی، دادگەی باڵای عێراق ئەندامیێتیی حەلبووسیی هەڵوەشاندنەوە.
لە چوارچێوەی نۆرمێکی سیاسیدا، لە دوای ساڵی 2003ـەوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی فیدراڵیی عێراق بە سوننە، پۆستی سەرۆککۆمار بە کورد و سەرۆکوەزیرانیش بە شيعە دراوە.