حەوت سەربازی ئەمریکی لە ئۆپەراسیۆنەکەی دژی داعش لە ئەنبار بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە رووداوی رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ سوپای عێراق، کە تێیدا 15 چەکداری داعش کوژران، حەوت سەربازی ئەمریکی بریندار بوون.
هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێن، ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی پێنجشەممە، لە بیابانەکانی پارێزگەی ئەنبار لە رۆژئاوای وڵاتەکە کراوە.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەگوتەی بەرپرسەکەی پێنتاگۆن کە رۆژی شەممە، بە ئیمەیڵ وەڵامی رووداوی داوەتەوە، پێنج سەرباز لە کاتی شەڕدا بریندار بوون، یەکێکیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، گوێزراوەتەوە شوێنێکی دیکە.
دوو سەربازی دیکە هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا "بەهۆی کەوتنەخوارەوە، بریندار بوون،" یەکێک لەو دووانەش گوێزراوەتەوە شوێنێکی دیکەی ئاشکرانەکراو بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرێت.
بەرپرسەکە دەڵێت "هەموو سەربازەکان دۆخی تەندروستییان جێگیرە."
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پێشتر رایگەیاندبوو، چەکدارانی داعش "ژمارەیەک چەکی جۆراوجۆر، نارنجۆک و پشتێنی بۆمبڕێژکراویان پێ بوو."
سێنکتۆم گوتی "ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکردەکانی داعشی کردە ئامانج بۆ ئەوەی رێگری لە توانای داعش بۆ نەخشەدانان، خۆڕێکخستنەوە و هێرشبردن بکات و لاوازی بکات."
فەرماندەییەکەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامن لە پشکنینی ئەو شوێنانەی ئۆپەراسیۆنیان تێدا کرا،" دەشڵێت "هیچ نیشانەیەک نییە زیان بە خەڵکی سڤیل کەوتبێت."
راگەیێندراوێکی سوپای عێراق دەڵێت، لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە "حەشارگەکان کرانە ئامانج و دواتر ئۆپەراسیۆنێکی دابەزین لە ئاسمانەوە دەستیپێکرد."
سوپای عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "لەنێو ئەوانەی کوژراون، سەرکردەی گرنگی داعش هەن،" بێ ئەوەی روونیبکاتەوە کێن. دەشڵێت "هەموو حەشارگە، چەک و پشتیوانییە لۆجستییەکان لەنێوبردران، پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکان بەشێوەیەکی سەلامەت تەقێنرانەوە. هەروەها دەست بەسەر بەڵگەنامەی گرنگ، ناسنامە و ئامێری پەیوەندیدا گیرا."
روون نییە بۆچی دوو رۆژی پێچوو تاوەکو ئەمریکا بەشداریکردنی خۆی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ئاشکراکرد. سوپای عێراق سەرەتا کە هەواڵی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند، باسی لە بەشداربوونی ئەمریکا نەکرد.
ئەوە لەکاتێکدایە؛ لایەنە سیاسییەکانی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆن لەسەر داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان.
نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و کوردستان هەن.
لەدوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و رووخانی حکومەتی بەعسەوە لە ساڵی 2003، عێراق لە هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا رووبەڕووی زەحمەتی بووەتەوە. لەو کاتەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسیش دەستیپێکردووە، گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران زیاتر لە 185 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، ئەمریکییەکانیش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامیان داوەتەوە.
داعش کە کورتکراوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"ـە، لە ساڵی 2014 شاڵاوێکی گەورەی پڕ لە کوشتوبڕی دەستپێکرد و لە لووتکەی بەهێزیی خۆیدا، رووبەرێکی فراوانی عێراق و سووریای کۆنترۆڵکردبوو، کە هێندەی نیوەی رووبەری شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بوو.
هاوپەیمانییەک لە زیاتر لە 80 وڵات بە سەرکردایەتیی ئەمریکا پێکهێنرا بۆ ئەوەی لە بەزاندنی داعش یارمەتیی هێزە خۆجییەکان بدات. لە ئەنجامدا، لە ساڵی 2017 لە باشووری کوردستان و عێراق و 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، سەرکەوتن بەسەر داعشدا راگەیێندرا.
بەڵام چەکدارە بەجێماوەکانی رێکخراوە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوەکە، لە بیابانەکانی عێراق و سووریا بەردەوامن لە جموجوڵ، لە کاتێکدا رێکخراوە پەڕگیرەکە بەرپرسیاریێتی لەو هێرشانە دەردەبڕێت کە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەکرێن. هەروەها لقی رێکخراوەکە لە ئەفغانستان تاوەکو دێت هێرشە خوێناوییەکانی زیاتر دەکات.
مانگی تەممووزی ئەمساڵ، سوپای ئەمریکا گوتی، ژمارەی ئەو هێرشانەی عێراق و سووریا کە داعش بەرپرسیاریێتیان دەگرێتە ئەستۆ، ئەمساڵ دووهێندە دەبن بەراورد بە پار.
لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، داعش بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 153 هێرش لە عێراق و سووریا راگەیاند، بەراورد بەوە، لە تەواوی ساڵی 2023 بەرپرسیاریێتیی لە 121 هێرش راگەیاندبوو.
بەرپرسانی عێراق دەڵێن، دەتوانن بە سوودوەرگرتن لە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان هێرشەکانی داعش کۆنترۆڵ بکەن و لەگەڵ ئەمریکا لە دانوستاندندان بۆ ئەوەی رۆڵی هێزە بیانییەکان لە عێراق کەمبکەنەوە، یان بە تەواوی نەهێڵن.
لە دوای جەنگی غەززەوە، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بووەتە پرسێکی مشتومڕهێنی عێراق و پڕ ناکۆکیلەسەر.
گرووپێک کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشە درۆنی و مووشەکییە ناوبەناوەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا و ئوردن راگەیاندووە، کە بە گوتەی خۆیان تۆڵەکردنەوەیە لە واشنتن لە بەرامبەر پشتیوانیکردنی ئیسرائیل لە جەنگە خوێناوییەکەی بۆ سەر غەززە.