بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لە ئاوی بەسرە ئاستێکی مەترسیدار تۆماردەکات
رووداو - هەولێر
بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لە ئاوی بەسرە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و تائێستا 17 هەزار کەس بەهۆیەوە تووشی سکچوون بوون جگە لەوەی ماسییەکی زۆر مردوون و سەرئاو کەوتوون.
بەشێوەیەکی ئاسایی رێژەی خوێ لەنێو ئاو بۆ هەر میلیگرامێک پێویستە لە نێوان 1 بۆ 1.5 بێت، بەڵام ئێستا رێژەی خوێ لە ئاوی بەسرە گەیشتووەتە 11 میلیگرام.
لە یەکێک لە دەریاچەکانی پارێزگەی بەسرە لە باشووری عێراق بەهۆی بەرزی رێژەی خوێ ماسییەکی زۆر مردوون و سەرئاو کەوتوون.
کازم غیلانی، ئەندازیاری کشتوکاڵی لە بەسرە دەڵێ "لەسەرەتای قەیرانەکەدا، هەفتەیەک دوو هەفتە بەر لە ئێستا، رێژەی خوێ لەنێوان 4 بۆ 8 تاوەکو 10 دەبوو، بەڵام ئێستا لەمە زیاتر بووە. بۆیە دەتوانین تێبینی بکەین لە باکووری بەسرە رێژەی سوێرییەکە زۆر زیادبووە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار".
بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لەنێو ئاوی بەسرە وایکردووە، خەڵکێکی زۆر لەم پارێزگایە تووشی سکچوون و رشانەوە ببن.
نەخۆشخانەکان پڕبوون لەو کەسانەی بەهۆی ئاوی سوێرەوە ژەهراوی بوون. بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکانی بەسرەش لە 12ـی ئابەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 17 هەزار کەس بەهۆی پیسی و سوێری ئاو تووشی سکچوون بوون.
یونس سەلیم، دانیشتووی بەسرە دەڵێ "پێیان گوتین ئاوەکە فلتەر کراوە، بەڵام نەک فلتەر نەکرابوو، بەڵکو سوێراوێکی تەواو بوو، بۆیە کە خواردمەوە و ژەهراوی بووم. بە خراپی رشامەوە و سکم ئازارێکی زۆری هەیە".
دانیشتووانی بەسرە ماوەیەکی زۆرە بەدەست بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری دەناڵێنن، بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لە نێو ئاوی ناوچەکە و پیسبوونی ئاو، خەڵکی ئەم شارەی رووبەڕووی گرفتێکی گەورەتر کردووەتەوە، بەسرەییەکان دەڵێن، پێویستە حکومەت بەهەر رێگەیەک بێت، کێشەی ئاویان بۆ چارەسەربکات و لەم دۆخە رزگاریان بکات.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار