618 ملیار دینارەکە 'گەیشتە هەولێر' و بڕیارە هەنگاوی هەمواری بودجە خێراتر بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە لەبەغداوە لقی هەولێری سەر بە بانکی ناوەندی عێراق ئاگادار کرایەوە 618 ملیارەکە بخەنە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەمە بڕیارە هەنگاوی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە خێراتر بکرێت.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، چاوەروان دەکرێت هەفتەی داهاتوو لە حکومەتەوە هەموارەکە پەسەندبکرێت و بنرێردرێتە پەرلەمانی عێراق.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراق رایگەیاند، "چاوەرێی دەقی هەموارەکەین تاوەکو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی واژۆی لەسەر بکرێت، هێشتا ئەو پرسە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و نەگەیشتوونەتە بریاری کۆتایی، چاوەرێی دەکرێت هەفتەی داهاتوو ئەگەر پەسەندکراو گەیشتنە کۆتایی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران."
بۆ ئەوەی رێگە لە دواکەوتنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بگیرێت تاوەکو ئەوکاتەی یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد داوا دەکەن، سەرجەم فراکیسیۆنە کوردستانییەکان یەکبگرن و بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بکەن.
کاروان یار وەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "چەند پەرلەمانتارێکی عێراق هەن لەدادگە دانیشتوون و نایەنە پەرلەمان بەس ئیشیان ئەوەیە لەدادگە سکاڵا دژی هەرێمی کوردستان تۆماربکەن، بۆیە ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێویستمان بەوەیە، هەموومان بەیەکەوە هەڵوێست وەرگرین و بریاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکان بدەین، وەک ئەزانن لەدوای شکستهێنانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەشێکی زۆر لەسوننەکان نایەنە دانیشتنەکانەوە."
ئەگەر یاسای بودجە هەموار نەکرێتەوە، بڕیارە بۆ مانگی داهاتوو هەر لە چوارچێوەی خەرجیی راستەقینە پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام تاوەکو ئەوکاتە دیار نییە کە بڕەکەی چەند دەبێت.