کوردێک لە لیستی بەربژێران بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دووردەخرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شیلان فوئاد عەبدوللـەتیف کە یەکێک بوو لە بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ناوەکەی لە لیستی بەربژێران دەرهێنرا و دوورخرایەوە.
 
رۆژی دووشەممە 31-1-2021 ناوی 26 بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق راگەیێنرا، بەڵام دواتر ناوی یەکێک لە بەربژێرەکان کە کوردە و ناوی (شیلان فوئاد عەبدوللـەتیف)ـە دەرهێنرا. 
 
د. سیروان سیرینی، ئەمینداری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرە لە لیستی بەربژێرەکان بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەمەنی یاسای بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەبێت لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت، بەڵام شیلان فوئاد عەبدوللـەتیف تەمەنی لە خوار 40 ساڵە و هەر بۆیە ناوەکەی لە لیستی بەربژێرەکان دەرهێنرا و دوورخرایەوە."
 
ناوی 25 بەربژێرەکەی دیکە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێوشوێنە یاسایی و دەستوورییەکانیان تەواوە و چوونە کێبڕکێی پۆستی سەرۆککۆمار کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەربژێرێک دەبێتە سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق.
 
لەنێو ئەو 25 بەربژێرەی پۆستی سەرۆککۆمار، هۆشیار زێباری بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرهەم ساڵح، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چانسیان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە زیاترە.
 
ناوی بەربژێران بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق
 
1. خالید سدیق عەزیز
2. فەیسەڵ موحسین عەبود
3. شەهاب ئەحمەد عەبدوڵڵا
4. حسێن ئەحمەد هاشم
5. ئەحمەد موح عیمران 
6. ئەحمەد یەحیا جاسم
7. سەباح ساڵح سەعید
8. کازم خزیر عەباس
9. رزگار محەممەدئەمین
10. گەلاوێژ عەلی ئەمین
11. لوئەی عەبدولسەباح عەبدولوەهاب
12. رێبوار ئاوڕەحمان ساڵح
13. هەمزە بریسم سەجیل
14. هۆشیار مەحموود محەممەد زێباری
15. حسێن موحسین عەلوان
16. عەبدوللـەتیف محەممەد جەمال
17. عومەر سادق مستەفا
18. بەرهەم ئەحمەد ساڵح
19. سائر غانم محەممەد
20. ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین
21. خەدیجە خدایخش ئەسەد
22. جەبار حەسەن جاسم
23. هادی عەبدولحسێن سەدام
24. رەعد خزیر دفاک
25. ئومێد عەبدولسەلام قادر 

 

 

رۆژی 15-1-2022 شیلان فوئاد بەشداریی بوولتەنی کاژێر 12:00ی رووداوی کرد و رایگەیاند کە هیچ کارێکی سیاسیی نەکردووە، بەڵام خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر کردووە.