زۆریی تەڵاق لە بەغدا دەچێتە قۆناخێکی مەترسیدار؛ 'سۆشیاڵ میدیا و ناپاکی هۆکارن'
رووداو دیجیتاڵ
ژنێک لە بەغدا، کە هێشتا نەگەیشتووەتە سییەکانی تەمەنی، ژیانی هاوژینیی کەمتر لە سێ ساڵ بوو، سەرەتای هاوسەرگیرییەکەی هەموو شتێک ئاسایی بوو، بەڵام سۆشیاڵ میدیا و ناپاکی هەموو شتەکانی پێچەوانە کردەوە.
ئەو ژنە تەمەن 27 ساڵە بەبێ ئەوەی رووخساری نیشان بدات، قسە بۆ رووداو دەکات و چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، دەڵێ "ساڵی یەکەممان هەموو شتێک ئاسایی بوو لەنێوانماندا، بەڵام دوو ساڵەکەی دیکە نا. (هاوژینەکەم) هیچ کاتی بۆ ئێمە نەبوو، هەر خەریکی سۆشیاڵ میدیاکان فەیسبووک و تیکتۆک بوو، دواتر زانیم پەیوەندی لەگەڵ کچێکدا هەیە و خیانەتم لێدەکات، منیش داوای جیابوونەوەم کرد."
کاتێک پرسیار لەو ژنە کرا "هەوڵت نەدا بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاشتببنەوە بۆ ئەوەی خێزانەکەتان هەڵنەوەشێتەوە؟" لە وەڵامدا گوتی "لەراستیدا هەوڵمدا، بەڵام سوودی نەبوو و ئەو باوەڕی بە تووندوتیژی و لێدان هەیە، کەوایە ناگەینە هیچ ئەنجامێک، ئیدی بەرگەم نەگرت چونکە هەر کە دامانویست بابەتەکە باس بکەین، ئەو هەر لەسەر شێوازی خۆی بوو."
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق؛ جیابوونەوەی هاوژینان لە بەغدا، چووەتە قۆناخێکی مەترسیدار و تەنها لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، رۆژانە زیاتر لە 103 هاوژین لەیەکدی جیابوونەتەوە، لە تەواوی مانگەکەشدا هەر لە بەغدا دوو هەزار و 278 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون، هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەکانیش سۆشیاڵ میدیا و ناپاکی خێزانی بووە.
د. ئەنەس عەزاوی، ئەندامی ناوەندی ستراتیژی لە بەغدا باسی ئەوە دەکات "لە پێشوودا دەمانبیست؛ دوو کەس لەیەکتر جیابوونەتەوە بەهۆی دۆخی کۆمەڵایەتی، یان خێزانی، یان خێڵەکی یان کولتوور، بەڵام ئێستا زۆرینەی جیابوونەوەکان هۆکاریان سۆشیاڵ میدیایە."
هەر بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری؛ بۆ ئەم مانگە 24 هەزار و 207 حاڵەتی هاوسەرگیری لە عێراق تۆمار کراون، کەمترینیان 623 حاڵەت بووە لە پارێزگەی موسەننا و کۆی حاڵەتی جیابوونەوەکانیش شەش هەزار و 593 حاڵەت بووە، کەمترینین حاڵەتی جیابوونەوە لەماوەی ئەو مانگەدا لە پارێزگای زیقاڕ تۆمارکراوە کە 87 حاڵەت بووە.
بەردەم دادگەکان جمەیان دێت، جانتای پارێزەران پڕە لە حاڵەتی جیابوونەوەی سەیر و سەمەرەی هاوژینان، تێیاندایە لەسەر یەک لایک یاخود لەسەر یەک کۆمێنت لە هاوژینەکەی خۆی جیابووەتەوە.