عێراق: زرێپۆشمان دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ 50 زرێپۆشی سەربازیی دروستکراوی عێراق رادەستی وەزارەتەکەیان دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2024، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە بەغدا لە پێشانگەی چەک و کەرەستەی سەربازی بەشداریکرد.
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو و پرسیاری لە وەزیری ناوخۆی عێراق کرد لەبارەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ دەستەی بەرهەمهێنانی سەربازی و جەنگی عێراق.
وەزیری ناوخۆی عێراق بە پەیامنێری رووداوی گوت، "وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی زۆری لەگەڵ دەستەکە هەیە کە بەشێکیان تایبەتن بە زریپۆش. لە گرێبەستەکەدا داوای 250 زریپۆشمان کردووە و ئەمڕۆ کاروانی یەکەمی زریپۆشەکان وەردەگرین کە ژمارەیان 50 دانەیە".
وەزیری ناوخۆی عێراق گوتیشی، "گرێبەستی دیکەمان تایبەت بە دروستکردنی چەک و کامێرا و بەرهەمی دیکە هەیە".
عەبدولئەمیر شەمەری سوپاسی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی دەستەی بەرهەمهێنانی سەربازی کرد و گوتی، "ئەم بەرهەمانە زۆر هاوکارمان بوون و دەبن لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق:
رووداو: جەنابی وەزیر، بە ئەرک نەبێت بۆ رووداو قسە بکەیت لەبارەی ئەم بەرهەمانە. ئایا ئەم بەرهەمانە هاوکار دەبن بۆ عێراق لەپێناو کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە؟
شەمەری: سوپاس، بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، بەدڵنیاییەوە پاڵپشتیکارین بە دەستەی بەرهەمهێنانی سەربازی بە هەموو بەرهەمەکانی. وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی زۆری لەگەڵ دەستەکە هەیە. لە گرێبەستەکەدا داوای 250 زرێپۆشمان کردووە و ئەمڕۆ کاروانی یەکەمی زرێپۆشەکان وەردەگرین کە ژمارەیان 50 زریپۆرشە. ئەوە جگە لە چەک و کامێرا و تەواوی بەرهەمەکانیان. سەرباری ئەوەش، هاوبەشی درێژخایەنمان لەگەڵیان واژۆ کردووە بۆ پێدانی ئاسن و کانزا. سوپاس و پێزانینمان بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی دەستەی بەرهەمهێنانی سەربازی و سەرجەم کارمەندانیان لە دروستکردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی نێوخۆیی کە دروستکراوی عێراقن. ئەم بەرهەمانە زۆر هاوکارمان بوون و دەبن لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.