پەرلەمانتارێکی عێراق: هەمواری یاسای باری کەسی زوڵمە لە ژن
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای باری کەسی دەکرێت، ئەو هەموارەی کە مشتومڕی گەرمی لەنێوخۆی عێراق دروستکردووە.
رائید مالکی، ئەو پەرلەمانتارەی پێشنیازی هەمواری یاساکەی کردووە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکانیش پشتیوانیی دەکەن، دەڵێت، بەپێی هەموارەکە عێراقییەکان ئازاد دەبن لە هەڵبژاردنەکان بە هەر مەزهەب و ئایینێک.
رائید بە رووداو گوت، "ئەو پێشنیازەی کراوە ئازادی بە خەڵک دەدات وەک چۆن لە دەستوردا هاتووە، بۆیە عێراقییەکان سەرپشک دەبن کە ئەحکامەکانی یاسا جێبەجێ دەکەن یان ئەحکامەکانی شەریعەی ئیسلامی، کاتێک کە شەریعەی ئیسلامی هەڵدەبژێرێت، بێگومان مەزهەبمان هەیە لە ئاستی فیقهی، ئەمە شتێک نییە کە شەرمی لێ بکەین یان قسەی لەسەر نەکەین، ئەوە راستییەکەیە."
بەپێی هەمواری یاساکە، دەبێت ژن و پیاو لەکاتی هاوسەرگیری ئەو مەزهەبە دیاری بکەن کە دەیانەوێت حوکمەکانی بەسەریاندا جێبەجێ ببێت، لەکاتی ناکۆکیی نێوان ژن و پیاوێکی مەزهەب جیاوازدا، مەزهەبی پیاوەکە کاری پێ دەکرێت.
سوزان مەنسوور، پەرلەمانتاری عێراقە، لەسەر هەمان یاسا دەڵێت، لە هەموارەکەدا هاتووە کە کچ کاتێک پێگەیشت (باڵغ بوو)، بۆی هەیە شوو بکات، ئینجا باڵغ بوونەکەیشیان بە نۆ ساڵ و سێ مانگ دیاری کردووە، "واتە منداڵێکی نۆ ساڵان تۆ پێی بڵێی وەرە دەتدەم بە شوو، وا دەزانێت باسی یاری لەگەڵ دا دەکەیت و تێ ناگات هاوسەرگیریی چییە."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی داد، ژمارەی جیابوونەوەی هاوژینان لە دادگەکان زیادیکردووە. سوزان ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ژمارەی تەڵاقەی کە رۆژانە دەیبینین لە دادگەکان کە بە سەدانن، هۆکارێکی هاوسەرگیرییە لە تەمەنێکی کەمدا. "کەسانی 20 و 22 ساڵانن، ئەوان لەو تەمەنەدا نازانن بەرپرسیارێتیی خێزان و منداڵ چییە، چۆن کەسێک کە نۆ ساڵە دەتوانێت ئەوە بکات، ئەمە زوڵمێکە دژی ژن دەکرێت."
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بە فەرمی داوایان لە پەرلەمانی عێراق کرد بەردەوامبن لە تەواوکردنی رێکارەکانی هەموارکردنی یاساکە بەو پێیەی وەک ئاماژەیان بۆ کردووە لە بەرژەوەندیی عێراقییەکانە.